یەکێتی لەبارەی هەبونی ناوی چەند بەرپرسێکی لەلیستی گەندەڵکاران رونکردنەوە دەدات

کوردستان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1196 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لێپرسراوی بۆردی راگه‌یاندنی یه‌كێتیی رەتیدەکاتەوە ناوی هیچ وەزیرو بریکارێکی  وەزیری سەر بە یەکێتی لە لیستی  گەندەڵکاراندا هەبێت.

 لەتیف نێروەیی، لێپرسراوی بۆردی راگه‌یاندنی یه‌كێتیی نیشتیمانی کوردستان لەڕاگەیەنراوێکدا دەڵێت، بەڵگەکان دەتوانن دوکەڵی گەندەڵی و دوکەڵە دەستکردەکان لەیەک جیابکەنەوە، ناچینە ناو وردەکارییەکانەوە ، بەڵام دەتوانین لەسەر ئەوەی پەیوەستە بە یەکێتییەوە ئەم خاڵانە بخەینەروو .

یەکەم : یەکێتیی یەکێکە لەو حزبە کەم وێنانەی لە سەر ئاستی عیراق و هەرێمی کوردستان لەماوەی 23 ساڵی رابردودا هیچ وەزیر و بریکاری وەزیری  سەر بە یەکێتی لە بەغدای پایتەخت نە لەسەر گەندەڵی گیراوە، نە لەسەر کارەکەی دەرکراوە نە راشیکردوە ، نە متمانەی لێ وەرگیراوەتەوە ،  هەروەها نە هیچ کادرێکی یەکێتی کە کاندیدبێت بۆ پۆستێکی باڵا لەبەغدا بە هیچ تۆمەتێک رەتکرابێتەوە .

دووەم: سنوری دەڤەری سەوز (سلێمانی  و هەڵەبجە ) یەکێکە لەو شوێنە دەگمەنانەی لەسەر ئاستی عیراق و هەرێمی کوردستان نەبۆتە پەناگەیەکی ئارام بۆ ئەوانەی لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکەی عیراق پارەیان دزیوە و لە گەندڵییەوە  تێوەگلاون و دەرفەتیان بۆ نەرەخساوە کە بتوانن بێنە سنوری سلێمانی و خۆیان حەشاربدەن .

سێیەم : لەو لیستەی کە باس لە تێوەگلانی کومەڵێ وەزیرو بریکاری وەزیری حکومەتی فیدراڵ دەکات ، ناوی هیچ وەزیرو بریکارێکی  وەزیری سەر بە یەکێتی تیانییە و لەئێستادا هەموویان لەبەغداد سەرقاڵی جێبەجێکردنی ئەرکەکانی رۆژانەی  خۆیانن و لە دورەوە سەیری دوکەڵی گەندەڵی دەکەن  .