شارپرێس:
رۆژنامەی (الشرق الأوسط)ی عەرەبی کە بارەگا
سەرەکییەکەی لەشاری لەندەنی پایتەختی بەریتانیایە، راپۆرتێکی نوێی بڵاوکردوەتەوەو
ئاماژەی بە مەترسییەکانی دواخستنی زیاتری پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی
کوردستان کردوەتەوەو دەڵێت، دواخستنی زیاتری پرۆسەکە سەردەمی دوو ئیدارەیی
دەگەڕێنێتەوە.
رۆژنامەی (الشرق الأوسط) لەزاری بەرپرسێکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوە بڵاویکردوەتەوە،"
ئەوەی ئێستا لەئەرزی واقیعدا لە هەرێمی کوردستان بونی هەیە، دوو ئیدارەییە، بەڵام
بەهۆی رێکنەکەوتنی یەکێتی و پارتی، ترس لەوە هەیە کە شێوازی حوکمڕانی لەهەرێم
بەشێوەیەکی فەرمی ببێت بە دوو ئیدارەیی ".
ئەو
بەرپرسەی یەکێتی کە نەیویستوە ناوی ئاشکرابکرێت، بە رۆژنامە عەرەبییەکەی
وتوە،" پارتیی دیموکراتی کوردستان هۆکاری دواخستنی پێکهێنانی حکومەتە، چونکە
ئەوان هەموو پۆستەکانی هەرێمی کوردستانیان دەوێت و ئامادە نین بۆ هیچ شتێک سازش بۆ
لایەنەکانی دیکە بکەن ".
هاوکات، لەبەرامبەردا
بەرپرسێکی پارتی بە رۆژنامەی (الشرق الأوسط)ی راگەیاندوە،" بەردەوامی ئەم دۆخە
چەقبەستوییە ئەگەری دوبارەکردنەوەی هەڵبژاردن لەهەرێمی کوردستان دەهێنێتە ئاراوە
".
