لیژنەیەكی تایبەتمەند بۆ دەستگیركردنی گەندەڵكاران پێكدەهێنرێت

عیراق

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2158 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بڕیاریدا لیژنەیەکی تایبەت بۆ لێکۆڵینەوە لەشێوازی دەستگیرکردنی ئەو پەرلەمانتارانە پێکبهێنێت کە بەتۆمەتی گەندەڵی دەستبەسەر کراون.


سەمیعە غەلاب، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی تەقەددوم، ڕایگەیاند، هەیبەت حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق فەرمانی داوە لێپرسینەوە لەگەڵ ئەو هێزە ئەمنییانە بکرێت کە دەستگیرکردنەکەیان جێبەجێ کردووە. هەروەها لێژنەیەکی دیکە ڕاسپێردراوە بۆ ئاگاداربون لەدۆخی تەندروستیی دەستگیرکراوەکان و پێداچونەوە بەو دانپێدانانانەی کە کراونەتە بنەمای تۆمەتبارکردنیان.

غەلاب شێوازی هەڵکوتانە سەر پەرلەمانتارەکانی بە "فیلمی هۆلیود" وەسف کردو ئاماژەی بەوە دا، پەرلەمان دژی ڕێکارە یاساییەکان نییە، بەڵام بەکارهێنانی تانک و هەڵکوتانە سەر ماڵان لەکاتژمێر دوی شەوداو وێنەگرتنی ژنان لەناو ماڵەکانیاندا، سوکایەتییەکی ڕاستەوخۆیە بەشکۆی دامەزراوەی یاسادانان.

هەرچەندە پێشتر پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتارەکان هەڵگیرابوو، بەڵام شێوازیجێبەجێکردنی فەرمانەکان قەیرانێکی سیاسی نوێی لەنێوان دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردندا دروست کردوەو بەشێک لەپەرلەمانتاران بەکودەتا ناوی دەبەن.

ئەمە لەكاتێكدایە، لەبەرەبەیانی 28-6-2026 بەفەرمانی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق  هەڵمەتێك بۆ دەستگیكردنی گەندەڵكاران دەستی پێکرد،  پڕۆسەکە لەسەر بنەمای دانپێدانانەکانی عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشوی وەزارەتی نەوت ئەنجامدراو زیاتر لە 50 کەسایەتی گرتەوە، لەناوانیاندا چەندین پەرلەمانتار، بەرپرس و بریکاری وەزیر هەن.

بەپەلە