بەگوێرەی دەستنوسێکی دۆزراوە.. سنوار پێشبینی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمیی لەلایەن ئیسرائیلەوە کردوە

جیهان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 662 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئیسرائیل بەڵگەنامەیەکی بەدەستنوسی یەحیا سنوار سەرۆکی پێشوی حەماس لەغەززە بڵاوکردەوە، کە پلانێکی وردی هێرشەکەی حه‌وتى ئۆکتۆبەری 2023ی تێدایە کە به‌گوێره‌ى ڕاپۆرتی کەناڵی 12ی ئیسرائیلی، سنوار ساڵێک پێش هێرشەکە ئەم بەڵگەنامەیەی نوسیوەو تێیدا نەخشەی کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگە نیشتەجێبونەکان‌و بنکە سەربازییەکانی دەوروبەری غەززەی کێشاوە.


لەپلانەکەدا هاتوە، کلیلەکە کۆنترۆڵکردنی یەکتربڕە سەرەکییەکانە لەڕێگه‌ی بەزاندنی هاوکاتی پەرژینی سنوریی لە 25 خاڵدا، سنوار پلانی دانابوو کە 2500 چەکدار کە دابەشبون بەسەر تیمەکانی 100 کەسیدا، ئەو یەکتربڕانە بگرن، بەشێوەیەک ئامانجی سەرەکیی دەرکردنی دانیشتوان، ڕێگەدان بەڕۆشتنی ژنان‌و منداڵان‌و بەبارمتەگرتنی پیاوانی تەمەن 17 بۆ 50 ساڵ بوو.

دەشڵێت، "هەرچەندە لەواقیعدا 3100 چەکداری حەماس‌و 580 چەکداری جیهادی ئیسلامی هێرشەکەیان کرد، بەڵام پلانی بنەڕەتی بەشداریپێکردنی 10000 چەکدار بوە کە دابەشببون بەسەر کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگەکان، بنکە سەربازییەکان‌و ڕێگه‌وبانەکاندا".

بەڵگەنامەکە ئاشکرایکردوە، سنوار پێشبینی توندترین کاردانەوەی لەلایەن ئیسرائیلەوە کردبوو و نوسیبوی، دوژمن سڵناکاتەوە لەبەکارهێنانی هەموو چەکێک، تەنانەت ئەگەری هەیە چەکی ئەتۆمیش بەکاربهێنێت، بەڵام پێیوابوو، ئیسرائیل توشی شۆک‌و پشێوی دەبێت.

کەناڵە ئیسرائیلییەکە ئاماژەی بەوەکردوە، سەنتەری لێکۆڵینەوەی "ئەمیت" لەڕۆژانی داهاتودا دەقەکە بەتەواوی بڵاودەکاتەوە کە نیشانەی متمانەبەخۆبونی زۆری حەماسە بەوەی هێرشەکە دەبێتە هۆی یەکخستنی بەرەکان‌و لەناوبردنی ئیسرائیل.

بەپەلە