واشنتۆن هێرشەکانی بۆسەر ئێران توندتر دەکات؛ بۆ یەکەمجار بەلەمی خۆکوژ كه‌وته‌كار

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 709 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا دژ بەئێران، ئەمڕۆ دوشەممە، وەرچەرخانێکی تاکتیکی بەهێزی بەخۆیەوە بینی، ئەویش بەهۆی بەشداریکردنی "بەلەمە خۆکوژە بێ سه‌رنشینه‌كان" بۆ یەکەمجار لەمێژوی ڕوبەڕوبونەوە سەربازییەکانی نێوان هەردوو وڵاتدا.

کەناڵی 7ی عیبری بڵاویکردەوە، لەچوارچێوەی گەڕی چوارەمی هێرشە چڕەکانی ئەمریکا بۆسەر تاران، پارچە دەریاییە بێسەرنشینەکان‌و فڕۆکە بێفڕۆکەوانە خۆکوژەکانی ئەمریکا بەشێوەیەکی فراوان بەشدارییان لەلێدانی ئامانجەکاندا کردوە.

کەناڵەکە ئاماژەی بەوەشکردوە، واشنتۆن بەدەیان پێگەی سەربازیی لەناوخۆی ئێراندا کردوەتە ئامانج، هاوکات لەگەڵ بەکارهێنانی بەلەمی هێرشبەری یەک ئاراستەیی (خۆکوژ) بۆ یەکەمجار. لەلایەکی دیکەوە، سوپای ئەمریکا ڕایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەپۆلێکی نوێی هێرشە هێرشبەرییەکانی بەچەکی زۆر وردو پێشکەوتوو ئەنجامداوە، بەمەبەستی لاوازکردن‌و تێکشکاندنی تواناکانی ئێران بۆ هێرشکردنەسەر كه‌شتیگه‌له‌ نێودەوڵەتیه‌كان لەگەروی هورمز.

به‌گوێره‌ى بەیاننامەی فەرمی هێزەکانی ئەمریکا، لەم هێرشەدا سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی ئێران، وێستگەکانی ڕاداری کەناراوەکان، توانای موشەکی‌و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، لەگەڵ بەلەمی بچوک کراونەتە ئامانج، لەهێرشەکاندا فڕۆکەی جەنگی، کەشتی دەریایی‌و فڕۆکەو بەلەمی بێسەرنشینی هێرشبەر بەکارهێنراون.

ئەم پێشهاتە دوای ئەوەدێت، لەسەرەتای ئەم هەفتەیەدا، فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاندبوو، زیاتر لە60 بەلەمی سەر بەسوپای پاسدارانی ئێرانیان لەڕێگەی هێرشی ئاسمانییەوە تێکشکاندوە، بەڵام ئەمە یەکەمجارە بەفەرمی ڕابگەیەنرێت کە هێرشەکان لەڕێگەی بەلەمی بێسەرنشینی ئەمریکییەوە ئەنجامدراون کە ئەمەش ڕەنگدانەوەی ستراتیژییەکی نوێی واشنتۆنە لەبەڕێوەبردنی شەڕدا.

شارەزایان‌و ناوەندە سەربازییەکان پێیانوایە، هێنانەناوەوەی ئەمجۆرە چەکەی هێرشبردن بۆ ناو هاوکێشەکە، پیشاندەری بڕیاری کۆتایی واشنتۆنە بۆ شەڕکردن دژ بەئێران بەبەکارهێنانی هەمان ئەو کەرەستەو تاکتیکانەی کە تاران خۆی بەکاریاندەهێنێت؛ بەوپێیەی ئێران هەمیشە شانازیی بەتوانای چەک‌و کەرەستە کەم تێچوەکانی خۆیەوە دەکرد، وەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی "شاهید"و بەلەمە خۆکوژە تیژڕەوەکان.

بەپەلە