شارپرێس:
وەزارەتی دارایی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، کەمێک لەمەوبەر بڕی زیاتر لە 841 ملیار دینار وەک تەمویلی موچەی مانگی شەشی موچەخۆرانیان بەدەستگەیشتوەو دەشڵێت، دوای تەواوکردنی ڕێکارەکان لیستی موچە بلاودەکرێتەوە.
ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی لەڕونکردنەوەیەکدا ئاشکرایکرد، بڕی 841 ملیار و 161 ملیۆن دینار وەک تەمویلی موچەی مانگی حوزەیرانی فەرمانبەران و موچەخۆران خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەت لەلقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.
ئاماژەی بەوەشکردوە، هاوشێوەی مانگی ڕابردوو، وەزارەتی دارایی فیدراڵ بڕی 120 ملیار دیناری وەک پشکی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی حوزەیران لەکۆی تەمویلی موچەکە بڕیوە.
دەشڵێت، سەرەڕای ئەو بڕینە، بەغدا بڕی سێ ملیار و 326 ملیۆن و 931 هەزار دیناری لەتەمویلی موچەی مانگی حوزەیران نەناردوە، کە ئەم بڕە پارەیە بریتییە لەشایستەی موچەی مانگەکانی ڕابردوی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی.
سەبارەت بەکاتی دابەشکردنی موچەش، وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوە کردوە کە لەئێستادا سەرقاڵی تەواوکردنی ڕێکارەکانن و ڕاستەوخۆ دوای وەرگرتنی پارەکە بەشێوەی کاش لەلقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق، لیستی موچە بڵاو دەکرێتەوەو لەنزیکترین کاتدا دەست بەدابەشکردنی موچەی مانگی حوزەیران دەکرێت.