شارپرێس:
لەبەرامبەر نوێکردنەوەی گرێبەستی هەناردەی نەوتی عێراق و هەرێمی کوردستان لەڕێی بەندەری جەیهانەوە، تورکیا چەند مەرجێکی بۆ لایەنی عێراقی هەیە، یەکەمیان بریتییە لە زیادکردنی توانای هەناردەکردنی بۆری نەوتی کەرکوک – جەیهان لە 1.4وە بۆ 2.5 بەرمیل نەوت لەرۆژێکدا و بەستنەوەی بۆرییەکە بە نەوتی بەسڕە، داواکاری دوەمی تورکیاش ئەوەیە لە پاڵ ئەو بۆرییە نەوتە، بۆرییەکی دیکە بۆ گواستنەوەی غازی سروشتی لەقەتەڕ و وڵاتانی کەنداوەوە بۆ تورکیا دروست بکرێت.
ئاڵپارسلان بایراکتار، وەزیری وزەی تورکیا ڕایگەیاند، عێراق دەیەوێت ڕۆژانە 750 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕێگەی بۆری کەرکوک-جەیهانەوە بگوازێتەوە بە درێژکردنەوەی ڕێککەوتنی ئێستا بۆ ماوەی ساڵێکی دیکە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لایەنی عێراقی ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر پێشنیارێکی تورکیا بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتنێک لەگەڵ تورکیا بۆ گواستنەوەی 750 هەزار بەرمیل.
لەئێستادا توانای گواستنەوەی بۆری نەوتی کەرکوک – جەیهان 1.4 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانەیە، پێش ساڵی 2023 رۆژانە 480 بەرمیل نەوت لەڕێگەیەوە دەگوازرایەوە بۆ بازارەکانی جیهان، بەڵام بەهۆی سکاڵایەکی حکومەتی عێراق لە دادگای نێودەوڵەتی لەپاریس هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ ماوەیەک چەند مانگێک راگیرا، سەرباری ئەوەی زیاتر لە ساڵێکە هەنارددکردنەوە دەستیپێکردوەتەوە، بەڵام لەئێستادا رۆژانە تەنها 190 هەزار بەرمیل نەوتی پێدا هەناردە دەکرێت.
