شارپرێس:
میدیای ئیسرائیل، پەیوەندییهكى زۆر نهێنىو ژێربەژێری بزوتنەوەی حەماسو حكومهتى سوریا بهسهرۆكایهتى ئهحمهد شهرع ئاشکرادەکات، ڕایدهگهیهنێت، "چالاکوانانی بزوتنەوەی حەماس کە نیشتەجێی چەند وڵاتێکن، سەردانی سوریایان کردوە".
کەناڵی i24NEWSی لەڕاپۆرتێکدا ئاشکرایکردوە، لەمدواییانەدا چالاکوانانی بزوتنەوەی حەماس کە نیشتەجێی چەند وڵاتێکن، سەردانی سوریایان کردوە، بەشێوەیەک بەگوێرەی سەرچاوە ئاگادارەکان، ڕژێمی نوێی سوریا ڕێگریی لەچونه ناوهوهو مانەوەی بێسنوری چالاکوانانی حەماسى نەکردوە کە هەندێکیان سەردانی کەمپە فەڵەستینییەکانی باشوری دیمەشقو ناوچەکانی دیکەشیان کردوە.
ئەو سەرچاوانە ڕونیانکردوهتەوە کە بەشێک لەو چالاکوانانە پێشتر لەسوریا دەژیانو لەکاتی ئاڵۆزییە ئەمنییەکانو هێرشەکانی ڕژێمی پێشوو بۆسەر کەمپەکانو دەستگیرکردنی ئەندامانی حەماسو لایەنە نەیارەکانی دیکەی ڕژێم، وڵاتەکەیان جێهێشتبوو.
ڕاپۆرتەکە دەڵێت، "هەندێک لەو سەردانیکارانە لەلوبنان، تورکیا، قەتەر، کەرتی غەززەو کەناری ڕۆژئاواوە چونهته سوریاو لەدامەزراوە جیاوازەکانی حەماسدا کاردەکەن، بەشێکیان بەئەرکی فەرمیی بۆ بینینی ئەو چالاکوانانەی لەسوریا مابونەوە سەردانەکەیان کردوە، بەڵام ڕون نییە ئەمە بەزانیاریی فەرمی ڕژێمی ئێستا بوە یان نا".
ئەوەش هاتوە، "بەپێچەوانەی لایەنەکانی وەک جیهادی ئیسلامیو بەرەی جەماوەری (سەرکردایەتی گشتیی)، چالاکوانانی حەماس ڕوبەڕوی گرتنو گوشار نەبونەتەوە".
سەرچاوەکان جەختیانکردوهتەوە کە نامەگۆڕینەوە لەنێوان حەماسو ڕژێمی نوێدا هەیەو حەماس دەیەوێت پەیوەندییەکی نوێ لەسەر بنەمای ڕێزی هاوبەش دروستبکات، نەک پەیوەندییەکی ئەمنی وەک سەردەمی ڕژێمی پێشوو.
دەشڵێت، "لەکاتێکدا دەسەڵاتی فەڵەستینی هەوڵی پەیوەندی باش دەدات، حەماسیش دەیەوێت کێبڕکێ لەگەڵ فەتحو دەسەڵات بکات بۆ کۆنترۆڵکردنی کەمپە فەڵەستینییەکان لەسوریا".
لەبەرامبەردا، ڕژێمی نوێی سوریا ڕێوشوێنی توندی دژی لایەنە هاوپەیمانەکانی ڕژێمی پێشوو، بەتایبەت جیهادی ئیسلامی گرتوهتەبەر، ئەم گوشارانە وایکردوە چەکدارانی جیهادی ئیسلامی، بەتایبەت ئەوانەی خەڵکی غەززەنو پێش جەنگ لەسوریا مابونەوە، بە شێوەی نایاسایی بەرەو تورکیاو وڵاتانی دیکە هەڵبێن.
