لەدەربەندیخان ئاگرێکی گەورە زیاتر لە 32 هەزار جوجەڵە لەناودەبات

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 192 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس- دەربەندیخان:

لە ناحیەی باوەخۆشێنی سەر بە قەزای دەربەندیخان، ئاگرێکی گەورە لە کێڵگەیەکی پەلەوەر کەوتەوە، کە بەهۆیەوە زیانی ماددی زۆر بەر خاوەنەکەی کەوت و تیمەکانی بەرگری شارستانیش توانییان ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەن.

ئامانج محەمەد، قائیمقامی قەزای دەربەندیخان، لە لێدوانێکدا بۆ "شارپرێس" ڕایگەیاند: "بەیانی ئەمڕۆ ئاگرێکی بەرفراوان لە کێڵگەیەکی پەلەوەری لە ناحیەی باوەخۆشێن کەوتەوە و زیانی گەورەی لێکەوتەوە".

قائیمقامی دەربەندیخان ئاشکرایکرد، ئاگرەکە بوەتە هۆی لەناوچونی نزیکەی 32 هەزار جوجەڵە، کە تەنها ماوەی دوو ڕۆژ بوو خرابونە ناو کێڵگەکەوە، هەروەها کێڵگەکە بەتەواوەتی سوتاوە و تەنها هەیکەلەکەی ماوەتەوە.

سەبارەت بە زیانە ماددییەکانی دیکە، ئامانج محەمەد وتیشی: "جگە لەو زیانە گەورەیە، گۆڕەڕێکی (محەویلە) کارەباش سوتاوە و ئاگرەکە تەشەنەی کرد و گەیشتە دەوروبەری کێڵگەکەش، بەجۆرێک کە چوار دۆنم زەوی دەوروبەری کێڵگەکە سوتاوە".

لەبارەی هۆکاری ڕوداوەکەشەوە، قایمقامی دەربەندیخان ئاماژەی بەوەدا، بەپێی ئەنجامی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، ئاگرەکە بەهۆی شۆرتی کارەباوە کەوتوەتەوە.

بەوتەی ناوبراو، دوای ماوەیەکی کەم لە کەوتنەوەی ئاگرەکە تیمەکانی بەرگری شارستانی گەیشتنە شوێنی ڕوداوەکە و توانیان لە کاتێکی گونجاودا کۆنتڕۆڵی بکەن و ڕێگری لە تەشەنەسەندنی زیاتری بکەن بۆ کێڵگە و زەوییەکانی دەوروبەری.