شارپرێس:
بەپێی زانیارییەکانی "کەناڵی 12"ی ئیسرائیلی،
بنیامین نەتانیاهو سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە سەردانەکەیدا بۆ واشنتۆن، زانیاریی
هەواڵگریی و هەستیاری نوێ سەبارەت بە پێشکەوتنەکانی ئێران بەرەو بەدەستهێنانی بۆمبی
ئەتۆمی پێشکەشی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دەکات.
هاوکات سەرچاوەکان
ئاماژەیان بەوە کردووە کە نەتانیاهو دژایەتیی خۆی بۆ داوای ئەمریکا سەبارەت بە
کشانەوەی ئیسرائیل لە لوبنان و سوریا ڕادەگەیەنێت، لە بەرامبەردا داوا لە سەرۆکی ئەمریکا
دەکات لە فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگی "ئێف 35" بە تورکیا خۆبپارێزێت.
نەتانیاهو پێش بەڕێکەوتنی بۆ واشنتۆن جەختی لەوە کردەوە
کە لەگەڵ ترەمپ تاووتوێی تەواوی پرسە گرنگەکان دەکات کە لە سەروویانەوە پرسی ئێرانە،
ئاماژەی بەوەش کرد کە ئامانجیان پاراستنی ئاسایش و فراوانکردنی بازنەی ئاشتییە.
سەرۆک وەزیرانی
ئیسرائیل ئەم دیدارەی لەگەڵ ترەمپ بە بەرپرسیارێتییەکی قورس وەسف کردووە لەم کاتە
ئاڵۆزەدا کە پێویستی بە بڕیاری بەهێز و دانایی هەیە.
میدیا ئیسرائیلییەکان بڵاویانکردەوە کە ئەم سەردانە بە
نهێنییەکی بێپێشینە ئەنجامدراوە، بەجۆرێک نوسینگەی نەتانیاهو بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی
"یەدیعۆت ئەحرۆنۆت" تەنها 1.5 کاتژمێر دوای فڕینی فڕۆکەکە بەیاننامەی بڵاوکردۆتەوە.
هەروەها زانیارییەکانی پێگەکانی تایبەت بە فڕین دەریانخستووە
کە فڕۆکە فەرمییەکە لە بنکەی ئاسمانیی نێڤاتیمەوە فڕیوە نەک لە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتیی
بن گۆریۆن، ئەمەش دوای ڕێنمایی توند بۆ فەرمانبەران بە پاراستنی نهێنیی و ڕاگەیاندنی
وادەی گەشتەکە لە دواساتەکاندا.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی