ئەحمەد داودئۆغڵو وازی لەسیاسەت هێناو حزبەکەی هەڵوەشاندەوە

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 266 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئایندە و سەرۆک وەزیرانی پێشوتری تورکیا وازهێنانی خۆی لەسیاسەت و هەڵوەشاندنەوەی حزبەکەی ڕادەگەیەنێت، لەبارەی هۆکاری ئەو بڕیارەشی دەڵێت،" هەڵوێستێکی ئەخلاقییە بەرامبەر بەو ڕەوشە سیاسییەی ئێستا هەیە ".


ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی گشتیی پارتی ئایندە پەیامێکی لە سەکۆی (ئێکس) بڵاوکردوەتەوەو دەڵێت،" بڕیاری وازهێنانی لە سیاسەت خۆبەدەستەوەدان نییە، بەڵکو هەڵوێستێکی ئەخلاقییە بەرامبەر بەو ڕەوشە سیاسییەی ئێستا هەیە ".

ئەحمەد داودئۆغڵو رەخنە لە پرۆسەی سیاسی وڵاتەکەی دەگرێت و دەڵێت،" سیاسەت لە بواری بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتییەوە گۆڕاوە بۆ کێبڕکێی بەرژەوەندیی کەسی و پۆست و پلە، ئەمەش وایکردوە کەسانی بەهرەمەند و خاوەن پرەنسیپ لە سیاسەت دور بکەونەوە."

ئەوەشیخستەڕوو، "سیستمی سەرۆکایەتی لەتورکیا بنەمای جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانی لاوازکردوە و گەڕانەوە بۆ سیستەمی پەرلەمانی بۆ تورکیا نەک هەر بژاردە، بەڵکو پێویستییەکی حەتمییە بۆ گەڕاندنەوەی متمانە بۆ دامەزراوەکانی دەوڵەت و دادوەری ".

داودئۆغڵۆ وتیشی،" بۆ ئەوەی نەبینە بەشێک لەم رەوشە سیاسییە گەندەڵە، بڕیارمان دا لە سیاسەتی حزبی بکشێینەوە و کۆتایی بە چالاکییەکانی پارتی ئایندە بهێنین، ئەمە کشانەوە نییە لە خەبات بۆ تورکیا، بەڵکو بەرزکردنەوەی بەرپرسیارێتییەکانمانە بۆ سەروی بەرژەوەندیی کەسی."