شارپرێس:
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، چاوەڕوان دەکرێت ئێران لە چەند هەفتەی
داهاتوودا 300 تا 400 سیستمی بەرگری ئاسمانی سەر شان (MANPADS) ی
دروستکراوی چینى بەدەست بگات، کە بەیەکێک لە گەورەترین هەوڵە ناسراوەکانی تاران
ئەژماردەکرێت بۆ نوێکردنەوەی تواناکانی بەرگری ئاسمانی مەودای نزیک، لە دوای
دەستپێکردنەوەی شەڕ لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل.
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز
لەزاری سەرچاوەیەکییەوە ئاماژەی بەوەکردوە، نرخی ئەم ڕێککەوتنە نزیکەی 60 تا 70 ملیۆن دۆلارە و موشەکەکان لە جۆرى QW-12 و FN-16 -ە؛
ئەم موشەکانە ئاراستەکراوی گەرمایی (Infrared-guided) ـن
و بۆ ڕوبەڕوبونەوەی فڕۆکەی نزمەفڕ، هێلیکۆپتەر و فرۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) دیزاین
کراون.
ئەوەشخراوەتەڕوو،
بەهۆی ئەوەی ئەم سیستمانە بە ئاسانی دەگوازرێنەوە، دۆزینەوە و بەئامانجگرتنیان زۆر
قورسترە بە بەراورد بە بنکە جێگیرەکانی بەرگری ئاسمانی، کە لە ماوەی ململانێکەدا
بەردەوام ئامانجی هێرشی ئاسمانى بوون.
لە بەرامبەردا،
وەزارەتی دەرەوەی چین ئەم ڕاپۆرتەی ڕەتکردەوە و رایگەیاند، هەواڵەکە بە تەواوی
بێ بنەما و ناڕاستە. هەروەها، پاکستانیش ئەو زانیارییەى ڕەتکردەوە کە دەڵێت ئاسانکارى بۆ
گواستنەوەی ئەم چەکانە دەکات لە ڕێگەى خاکی خۆیەوە.
ئەم زانیارییانە
تەنها چەند ڕۆژ دوای ئەوە بڵاوبوەوە کە سەرۆکی ئەمریکا، دۆنالد ترەمپ، وتی
باوەڕی وایە چین هاوکاریی سەربازی پێشکەش بە ئێران ناکات.
ئەگەر ئەم
زانیارییانە ڕاست بن، ئەم کڕینە هەنگاوێکی گەورە دەبێت بۆ بەهێزکردنی توانای
بەرگری ئاسمانی مەودای نزیکی ئێران و لە هەمان کاتدا ئاماژەیەک دەبێت بۆ
گەشەکردنی هاوکاریی بەرگری نێوان تاران و بەکین، سەرەڕای ئەوەی چین بە فەرمی ئەو
بانگەشانە ڕەت دەکاتەوە.