ناتانیاهۆ فشار دەکات؛ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ سعودیە دەکرێتە مەرجی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئەمریکا

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2246 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئیسرائیل فشارەکانی بۆ سەر واشنتۆن چڕکردوەتەوە بۆ ئەوەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ سعودیە بکاتە مەرجی پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمییە مەدەنییەکەی ڕیاز، ئەمەش وەک هەوڵێکی کتوپڕ بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتێکی مێژویی‌و بەستنەوەی بەڕێککەوتنەکانی ئەبراهام، دۆناڵد ترەمپیش دەیەوێت ئەم دۆسیەیە بۆ مەبەستی سیاسیی‌و خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بەکاربهێنێت.


بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لەمیانی سەردانەکەیدا بۆ واشنتۆن، فشارەکانی سەر ئیدارەی ئەمریکای چڕکردوەتەوە تا پرسی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تەلئەبیب‌و ڕیاز بکاتە مەرجێکی سەرەکی لە ناو ڕێککەوتنی ئەتۆمیی مەدەنیی نێوان ئەمریکاو سعودیە.

به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیاریانه‌ى تۆڕی میدیایی "i24NEWS" بڵاویكردوه‌ته‌وه‌، ناتانیاهۆ لەکۆبونەوە داخرامەکاندا ڕایگەیاندوە، دەیەوێت پێش هەڵبژاردنەکانی داهاتوو، ئەم دەستکەوتە سیاسیی‌و ستراتیژییە گەورەیە مسۆگەربکات.

ئه‌وه‌ش هاتوه‌، "ئامانجی سەرەکیی تەلئەبیب ئەوەیە کە ڕێگەدانى واشنتۆن بەڕیاز بۆ خاوەندارێتی بەرنامەیەکی ئەتۆمیی مەدەنیی، تەنها لەبەرامبەر واژۆکردنی ڕێککەوتنی ئاشتیدابێت لەگەڵ ئیسرائیل (ڕێكه‌وتنى ئه‌براهام)".

جه‌ختكراوه‌ته‌وه‌، ئەم بابەتەش بوەتە خاڵێکی هاوبەش لەنێوان ناتانیاهۆو دۆناڵد ترەمپدا؛ بەجۆرێک بەرپرسێکی باڵای سیاسیی وتویه‌تىـ ترەمپ خۆی پرسی پەرەپێدانی بەرنامەی ئەتۆمیی سعودیەی بەستوەتەوە بەفراوانکردنی (ڕێککەوتنەکانی ئەبراهام).

شارەزایان پێیانوایە، ئیسرائیل دەیەوێت سود لەئاره‌زوى دۆناڵد ترەمپ وەربگرێت کە هێشتا خەون بەبەدەستهێنانی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتییەوە دەبینێت لەڕێگەی هێنانەکایەی ئەم ئاشتییە مێژوییەوە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.