پلانێکی نوێی حوسییەکان لەبابولمەندەب مەترسیی لەسەر بازاڕی جیهانیی وزە دروستدەکات

لە میدیاکانەوە

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2071 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئاژانسی ڕۆیته‌رز لەڕاپۆرتێکدا بەپشتنەستن بەسەرچاوە ئاگادارەکان ئاشکرایکردوە، گروپی ئەنساروڵڵای یەمەن ناسراو بە(حوسییەکان) تاووتوێی سەپاندنی باج‌و ڕسومات دەکەن بەسەر ئەو کەشتییە بازرگانییانەی لەباشوری دەریای سورەوە تێپەڕدەبن، ئەوەش دوای هەفتەیەک لەڕاگەیاندنی گۆشەگیریی دەریایی بۆسەر سعودیە.


ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوەکردوە، حوسییەکان بەهەماهەنگی لەگەڵ ئێران خەریکی تاووتوێکردنی دروستکردنی میکانیزمێکن بۆ کۆکردنەوەی باج لەکەشتییە بازرگانییەکان کە ئەم هەنگاوە دەشێت مەترسی لەسەر هەناردەی نەوتی سعودیە دروستبکات‌و ئاڵۆزییەکانی بازاڕی وزەی جیهان قوڵتربکاتەوە.

لەڕاپۆرتەکەدا هاتوە، حوسییەکان تاووتوێی سەپاندنی باج دەکەن بەسەر زۆربەی ئاڵوگۆڕی کەشتیوانی لەڕێگەی گەروی بابولمەندەبەوە کە باشوری دەریای سور بەکەنداوی عەدەنەوە دەبەستێتەوە، بەڵام ئاماژەیان بەوەشکردوە، تائێستا هیچ چوارچێوەیەکی کاتیی بۆ جێبەجێکردنی دیارینەکراوە.

به‌گوێره‌ى وتەی دوو بەرپرسی هەرێمیی، بەرپرسانی حوسی لەمانگی تەمموزدا گەشتیان بۆ ئێران کردوە بۆ بەشداریی لەڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی عەلی خامنەیی‌و لەوێ لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکانیان پرسی سەپاندنی باجیان لەگەروی بابولمەندەب تاووتوێکردوە.

ئەو دوو سەرچاوەیە ڕونیانکردوه‌تەوە، ئامانج لەو هەنگاوە ئاساییکردنەوەی سەپاندنی باجە بەسەر ڕێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکانداو دروستکردنی گوشاری زیاترە لەسەر ئەمریکا، هاوکات ئاماژەیان بەوەشکردوە، کەشتییە چینییەکان لەم باجە دەبەخشرێن‌و حوسییەکان پشتگیریی خۆیان بۆ ئەم ڕێککەوتنە دەربڕیوە.

بەرپرسێکی عەرەبی ڕایگەیاند، بەرپرسە حوسییانەی لەتارانەوە گەڕاونەتەوە، ڕاوێژکاری ئێرانییان لەگەڵدا بوە بۆ پێشکەشکردنی ڕاوێژ لەسەر دامەزراندنی دەستەیەک بۆ ڕێکخستنی باجەکە.

دیپلۆماتکارە ڕۆژئاواکانیش ئاماژەیان بەوەکردوە، هەنگاوێکی وەها ڕوبەڕوی دژایەتییەکی بەهێزی وڵاتانی کەنداوو ئەوروپا دەبێتەوە.

ئەوەش لەکاتێکداتە کە ڕاپۆرتێکی تیمی شارەزایانی نەتەوەیەکگرتوەکان لەساڵی 2024 ئاماژەی بەوەکردبوو، حوسییەکان لەبەرامبەر تێپەڕبونی ئارامی کەشتییەکاندا پارەیان وەرگرتوە کە مانگانە بە 180 ملیۆن دۆلار مەزەندە دەکرا.

گەروی بابولمەندەب شادەمارێکی ژیارییە بۆ هەناردەکردنی نەوتی خاوی سعودیە، بەتایبەت دوای داخرانی نزیکەی تەواوەتیی گەروی هورمز، بەجۆرێک هەر داخرانێکی گەروەکە، سعودیە لەجێگرەوەیەکی گرنگ بێبەشدەکات، چونکە گەشتەکە لەڕێگەی بابولمەندەبەوە بۆ ئاسیا بەتێکڕایی  16 ڕۆژ دەخایەنێت، لەکاتێکدا گۆڕینی ڕێڕەو بەدەوری ئەفریقادا 50 ڕۆژی پێویستە.