شارپرێس:
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی
کەناڵی "i24NEWS"ی ئیسرائیلی،
ئێران درۆنێکی نوێی خۆکوژی بە ناوی "حەدید 110" پەرەپێداوە، دوای ئەوەی خستوویەتیە
ژێر پرۆسەی نوێکردنەوە بە مەبەستی بەرزکردنەوەی خێرایی و توانای خۆشاردنەوەی، لە هەنگاوێکدا
کە ئامانج لێی زیاترکردنی توانایەتی بۆ تێپەڕاندنی سیستەمە بەرگرییە ئاسمانییەکان.
کەناڵەکە ئاماژەی بەوە
کردووە کە ئەم وەشانی نوێیە پێشکەوتنێکی بەرچاوە بەراورد بە وەشانی پێشووتری و بە بزوێنەرێکی
جێت کاردەکات کە خێراییەکەی دەگەیەنێتە نزیکەی 517 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا، بەمەش
دەبێتە یەکێک لە خێراترین درۆنە ئێرانییە ناسراوەکان.
درۆنەکە بە دیزاینێکی شەبحی دروستکراوە کە جێپەنجەی ڕاداری کەمدەکاتەوە
و دۆزینەوەی سەختتر دەکات، هەروەها جیاواز لە زۆربەی درۆنە هێرشبەرەکانی دیکەی ئێران
کە بزوێنەری پەروانەیی خاوتر بەکاردێنن، ئەم کار بە بزوێنەری تۆربۆجێت دەکات.
لە ڕووی تواناوە،
"حەدید 110" تایبەت بۆ ئەوە داڕێژراوە کاتی لەبەردەستی سیستەمە بەرگرییەکان
کەمبکاتەوە بۆ ڕاوەدوونان و تێکشکاندنی، چونکە خێراییە بەرزەکەی هاوکارە بۆ گەیشتن
بە ئامانجەکان پێش تەواوبوونی پرۆسەی دەستنیشانکردن و تێکشکاندنی.
سەبارەت بە تایبەتمەندییە
تەکنیکییەکانی ئەم درۆنە خۆکوژە شەبەحییە، مەودای کارکردنی نزیکەی 350 کیلۆمەترە، بەرزایی
فڕینی دەگاتە نزیکەی 9 کیلۆمەتر، ماوەی فڕینی نزیکەی 1 کاتژمێر دەبێت، و کڵاوەی جەنگییەکەی
نزیکەی 30 کیلۆگرام تەقەمەنی هەڵدەگرێت، هەروەها بە ڕێگەی هەڵدانی مووشەکی بۆ بڵاوبوونەوەی
خێرا بەکاردێت.
شارەزایان پێیانوایە تێکەڵکردنی خێرایی و خۆشاردنەوە توانایەکی زیاتر
دەدات بەم درۆنە بۆ هەڕەشەکردن لە ئامانجە نزیکەکانی کەناراوەکانی ئێران، ئەگەرچی مەوداکەی
ناکاتە چەکێکی دوورمەودا یان ستراتیژی.
ئاشکراکردنی
"حەدید 110" وەک پەیامێکی سەربازیی لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە دەبینرێت
سەبارەت بە پەرەپێدانی تواناکانی لە بواری درۆندا لە کاتی زیادبوونی کێبڕکێی هەرێمیدا.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی