شارپرێس:
ئاژانسی ڕۆیتەرز لەسەر زاری دوو سەرچاوەوە بڵاویکردۆتەوە، گروپی حوسییەکانی
یەمەن لەم هەفتەیەدا هێرشێکیان بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکان لە سعودیە ئەنجامداوە،
کە پێگەی سەرەکیی بەرهەمهێنانی نەوتی خاوە لەو وڵاتەدا.
بەپێی هەڵسەنگاندنە ئەمنییەکانی سعودیە
و هاوبەشە هەرێمییەکانی، هێرشەکە لە خاکی عێراقەوە و بە هەماهەنگیی لەگەڵ گروپە چەکدارەکانی
لایەنگری ئێران ئاڕاستە کراوە.
ئەم پێشهاتانە وایکردوە سعودیە بە هەماهەنگیی لەگەڵ ئەمریکا هێرشی ئاسمانیی
بکاتە سەر چەند شوێنێک لە ناوخۆی عێراق کە پەیوەندییان بەو گروپانەوە هەبوە.
بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، لە ئەنجامی
ئەو لێدانانەدا نزیکەی 20 ڕاوێژکاری سوپای پاسدارانی ئێران کوژراون، بەڵام تا ئێستا
هیچ پشتڕاستکردنەوەیەکی فەرمی لەلایەن بەغدا یان تارانەوە سەبارەت بەو ئامارە دەرنەچوە.
ئەم ڕوداوانە لەکاتێکدا ڕوودەدەن کە ڕوبەڕوبونەوەکانی نێوان ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی
لەلایەک، و ئێران و گروپە هاوپەیمانەکانی لەلایەکی دیکەوە بەرەو هەڵکشان دەچن، بەمەش
مەترسیی بڵاوبونەوەی زیاتری ململانێکان بۆ بەرەی نوێ لە ناوچەکەدا دروست بووە.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی