شارپرێس:
شیکردنەوەيەکی گۆڤاری ئەمریکی فۆربز ئاماژە بەوە
دەکات کە گرنگترین دەستکەوتی تورکیا لە ڕێککەوتنی نوێی وزە لەگەڵ عێراق، تەنها
بەڵێنی گواستنەوەی ڕۆژانەی یەک ملیۆن بەرمیل نەوت نییە، بەڵکو دەستەبەرکردنی
شوێنێکی فەرمییە لە خاوەندارێتی و گەشەپێدانی میدانە نەوتییەکانی کەرکوکە؛
هەنگاوێک کە دەتوانێت پێگەی ستراتیژی ئەنقەرە لە بازاڕی وزەی ناوچەکەدا بگۆڕێت.
کۆتایی ڕێککەوتنی پەنجا ساڵە
ڕێککەوتنی نەوتی ساڵی ١٩٧٣ لەنێوان عێراق و
تورکیا، کە زیاتر لە نیو سەدە چوارچێوەی هەناردەی نەوتی عێراق لە ڕێگەی هێڵی بۆری کەرکوک–جەیهان دیاری دەکرد، ئێستا بە فەرمی کۆتایی هاتوە، هەردوو وڵات لە ئێستادا لە گفتوگۆدان بۆ داڕشتنی
چوارچێوەیەکی نوێ کە جگە لە نەوت، بوارەکانی گاز، کارەبا و وەبەرهێنانی هاوبەشیش
لەخۆ بگرێت.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا دوای
کۆبونەوەی لەگەڵ عەلی زەیدیی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئاماژەی بەوە دا کە قۆناغی
نوێی هاوکاریی وزەیی دەستیپێکردووە و پێویستە ڕێککەوتنێکی نوێ شوێنی ڕێککەوتنی کۆن
بگرێتەوە.
پشکی ١٥٪؛ گرنگترین دەستکەوتی ئەنقەرە
بەپێی شیکردنەوەی فۆربز، خاڵی سەرەکی ئەم
ڕێککەوتنە چونەناوەوەی کۆمپانیای نەوتی دەوڵەتی تورکیا (TPAO) بۆ پڕۆژەی گەشەپێدانی میدانە نەوتییەکانی کەرکوکە. بەپێی ڕێککەوتنی نوێ، پێکهاتەی خاوەندارێتی بەمشێوەیە دابەش دەبێت: ٤٣٪ بۆ کۆمپانیای بەریتانیایی BP ، ٤٢٪ بۆ کۆمپانیای ئەمریکی ConocoPhillips، ١٥٪ بۆ کۆمپانیای TPAOی تورکیا. ئەم پڕۆژەیە چەندین میدانى
گرنگی نەوتی کەرکوک، لەوانە هاڤانە، بای حەسەن، جەمبور و خەباز دەگرێتەوە.
گۆڕانی ڕۆڵی تورکیا
تا ئێستا، ڕۆڵی سەرەکی تورکیا بریتی بوو لە
وڵاتی تێپەڕاندنی نەوتی عێراق بۆ بازاڕە جیهانییەکان. بەڵام بە دەستکەوتنی ئەم
پشکە، ئەنقەرە بۆ یەکەم جار دەچێتە ناو زنجیرەی بەرهەمهێنانی نەوت و دەبێتە
هاوبەشی فەرمی لە خاوەندارێتی و گەشەپێدانی سەرچاوەکان. فۆربز پێی وایە ئەم گۆڕانکارییە قۆناغێکی نوێ لە ستراتیژیی وزەی تورکیا
نیشان دەدات، چونکە ئەنقەرە هەوڵ دەدات جگە لە کۆنترۆڵکردنی ڕێگای گواستنەوە، لە
خۆی بەرهەمهێنانیشدا ڕۆڵی سەرەکی هەبێت.
یەک ملیۆن بەرمیل؛ ئامانجێکی سیاسی؟
لە هەفتەکانی ڕابردودا، بەرپرسانی تورکیا و
عێراق باس لە گواستنەوەی ڕۆژانەی یەک ملیۆن بەرمیل نەوتیان دەکرد. بەڵام فۆربز
ئاماژە دەدات کە ئەم ژمارەیە لە بارودۆخی ئێستادا زیاتر ئامانجێکی سیاسییە لەوەی
زوو ببێتە ڕاستییەک. گۆڤارەکە جەخت دەکاتەوە کە جیاوازییەکی گەورە لەنێوان
توانای هێڵی بۆری کەرکووک–جەیهان و ئەو بڕە نەوتە هەیە کە بە کردار دەتوانرێت
هەناردە بکرێت، چونکە ئەوە پەیوەندی بە ئاستی بەرهەمهێنان، گرێبەستە
بازرگانییەکان، دۆخی ئاسایشی و چارچێوەی یاسایی هەیە.
ناکۆکییە یاساییەکان هێشتا بەردەوامن
ئەم بابەتە دوای بڕیاری دیوانی داوەریی
نێودەوڵەتی لە پاریس لە ساڵی ٢٠٢٣ گرنگتر بوو، کاتێک دادگا بڕیاری دا کە تورکیا بە
هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بەبێ ڕەزامەندی حکومەتی فیدراڵی عێراق، پێشێلی
ڕێککەوتنی هێڵی بۆری کردوە. ئەو بڕیارە بوو بە هۆکاری
وەستاندنی هەناردەی نەوتی هەرێم، تا ئێستاش کێشە دارایی و یاساییەکان یەکێکن لە
گرنگترین بەربەستەکانی گەڕانەوەی تەواوی هەناردە.
کۆریدۆری وزە و ململانێی ناوچەیی
فۆربز پێی وایە ئەم ڕێککەوتنە تەنها بابەتێکی
ئابووری نییە، بەڵکو بەشێکە لە ململانێی ستراتیژی لەسەر کۆریدۆرەکانی وزەی
ناوچەکە. لەگەڵ زیادبوونی مەترسی ئاڵۆزی لە تەنگەی هۆرمز، گرنگی ڕێگا جێگرەوەکانی
هەناردەی نەوت و گاز بۆ بازاڕی جیهانی بەرزتر بووەتەوە. لەو چوارچێوەیەدا، هێڵی بۆری کەرکووک–جەیهان بۆ تورکیا تەنها ڕێگای
گواستنەوەی نەوت نییە، بەڵکو ئامرازێکی ستراتیژییە بۆ بەهێزکردنی ڕۆڵی ئەو وڵاتە
لە ئاسایشی وزەی ناوچەکە.
کۆتایی
لە دیدی فۆربز، گرنگترین خاڵی ڕێککەوتنی نوێ
ئەوە نییە کە هێڵی بۆری کەرکووک–جەیهان کەی دووبارە دەست بە کار دەکات، بەڵکو
ئەوەیە کێ کۆنترۆڵی داهاتووی ئەم کۆریدۆرەی وزە دەکات. چوونەناوی TPAO بۆ پێکهاتەی خاوەندارێتیی
میدانە نەوتییەکانی کەرکووک، بەپێی هەڵسەنگاندنی فۆربز، گرنگترین دەستکەوتی
ستراتیژی تورکیایە لە ئەم قۆناغەدا؛ چونکە بۆ یەکەم جار ئەنقەرە لە ڕۆڵی وڵاتی
تێپەڕاندنی نەوت دەگوازێتەوە بۆ ڕۆڵی هاوبەشی فەرمی لە بەرهەمهێنان و خاوەندارێتی
سەرچاوەکانی نەوتی باکووری عێراق.