وەزارەتی دارایی ئامادەکاری بۆ بودجەی ساڵی 2027ی عێراق دەکات

کوردستان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 199 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاند، لەکۆبونەوەیەکی باڵادا گفتوگۆ لەبارەی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای دەستور و یاسا و دواین داتاکانی سەرژمێری گشتی دانیشتوان کرا.


وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان لەڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد،" لەسەر ڕاسپاردەی ئەنجومەنی وەزیران و بەمەبەستی ئامادەکاری بۆ ماف‌و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەپرۆژەیاسای بودجەی 2027ی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە، بەسەرپەرشتی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی ئامادەبونی د. دارا ڕەشید وەزیری پلاندانان، کەمال محەمەد وەزیری کارەبا، د. ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران‌و د. عەبدولحەکیم خەسرۆ سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی‌و بەدواداچون‌و ژمارەیەک ڕاوێژکار‌و بەڕێوەبەرە گشتییەکان، کۆبونەوەیەک لەوەزارەتی دارایی بەڕێوەچوو ".

ئەوەشخراوەتەڕوو، لەکۆبونەوەکەدا بڕیاردرا لەچەند ڕۆژی داهاتودا کۆبونەوەی تایبەت لەگەڵ سەرجەم وەزارەت‌و دامەزراوەکان ئەنجامبدرێت، تاكو بتوانرێت خواستەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی داهاتوو لەبودجەی عێراق جێ بکرێتەوە

بەپێی راگەیەنراوی وەزارەتی دارایی،" لەکۆبونەوەکەدا بەوردی گفتوگۆ كرا لە بارەی ماف‌و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای دەستورو یاساو دواین داتاکانی سەرژمێری گشتی دانیشتوان ".

لەڕاگەیەنراوەکەدا ئەوەش هاتوە،" ماوەی چەند مانگێکە وەزارەتی دارایی و ئابور دەستی بە ئامادەکارییەکان کردوە بەمەبەستی خەمڵاندنی بودجەی پێویست بۆ موچەو خەرجی بەکارخستن‌و وەبەرهێنان لەگەڵ داواکردنی دامەزراندنی میلاکی پێویست بۆ هەرێمی کوردستان لەچوارچێوەی یاسای بودجەی عێراق‌و گەڕانەوەی شایستەی فەرمانبەران‌و موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، کە بەهۆی نەبونی بودجەو قەیرانیداراییەوە بۆیان خەرج نەکراوە ".

بەپەلە