عومەر گوڵپی: داهاتی کارەبا 575% لەسەر خەڵک زیادکراوە

کوردستان

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 681 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەندامێكی خولی پێشوی په‌رله‌مانی كوردستان ڕایده‌گه‌یه‌نێت، مانگانە خه‌ڵك ناچاركراون پاره‌ی كارەبا بده‌ن، لەكاتێكدا نرخه‌كه‌شی 575% له‌سه‌ریان زیادكراوه‌.


عومه‌ر گوڵپی، ئەندامی خولی پێشوی پەرلەمانی كوردستان لەپۆستێكی فەيسبوكدا بەناونیشانی "چۆن داهاتی كاره‌با (575%) له‌سه‌ر شانی خه‌ڵك زیاد كرا؟" ئاماژەی بەوەکردوە، له‌ئێستادا به‌رهه‌می كاره‌با گه‌یشتوه‌ته‌ چوار هه‌زار و 700 مێگاوات ، له‌م بڕه‌ هه‌زار مێگای ده‌فرۆشن به‌به‌غدا، كه‌س نازانێت به‌چه‌ندو چۆن، هه‌روه‌ها گریمان وزه‌ی به‌فیڕۆچو 700 مێگاواته‌، كه‌واته‌ وه‌زاره‌تی كاره‌با به‌به‌رده‌وامی بڕی سێ هه‌زار مێگاوات كاره‌با به‌شوێنه‌كانی ماڵان و بازرگانی و پیشه‌سازی و كشتوكاڵ و میریی ده‌فرۆشێت.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، "ئه‌گه‌ر بزانین فرۆشتنی كاره‌بای ماڵان له‌كیلۆ واتێك 72 دینار به‌ره‌و سه‌ره‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات تا 365 دینارو زیاتریش، پۆلێنی بازرگانی به‌ 185 دینار، پیشه‌سازی گه‌وره‌ 125 دینار، پیشه‌سازی بچوك 160 دینار، میریی 160 دینار، كشتوكاڵ 60 دینار، ئێمه‌ تۆزێك نزیك له‌كه‌مترین ئاستی نرخه‌كان وه‌رده‌گرین وه‌ك ناوه‌ندێك بۆ فرۆشتن، كه‌ كیلۆواتێك به‌ 100 دیناره‌، ئه‌وا له‌یه‌ك كاتژمێردا داهاتی فرۆشتنی سێ هه‌زار میگاواتی وه‌زارتی كاره‌با 300 ملیۆن دینار، داهاتی 24 كاتژمێر حه‌وت ملیارو 200 ملیۆن دینار، داهاتی مانگانه‌شی 216 ملیار دیناره‌.

عومه‌ر گوڵپی ئاشكراشیكردوه‌، "داهاتی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان به‌پێچه‌وانه‌ی بانگه‌شه‌كانی حكومه‌تی ماوه‌به‌سه‌رچوو، نه‌وه‌ك كه‌م نه‌بوه‌ته‌وه‌، به‌ڵكو به‌هۆی به‌بازرگانیكردنی كاره‌باوه‌ زیاد بوه‌ و به‌هۆی هه‌ڕه‌شه‌ی برینی كاره‌باوه‌ به‌نایاسایی، خه‌ڵكیان ناچار كردوه‌ مانگانه‌ به‌كاش پاره‌بدات، واته‌ هه‌مو پاره‌كه‌یان ده‌ستده‌كه‌وێت".

عومه‌ر گوڵپی ده‌شڵێت، "گریمان خه‌رجییه‌كانی كاره‌باو پاره‌ی وێستگه‌كانی كاره‌با مانگانه‌ 100 ملیار دینار بێت، كه‌واته‌ ته‌نها له‌كاره‌با مانگانه‌ نزیكه‌ی 116 ملیار دینار داهاتیان زیاد بوه‌، چی لێده‌كه‌ن؟".