شارپرێس:
ڕاگەیاندنی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای هەولێری پارتی دیموکراتی کوردستان ڕونكردنەوە لەبارەی دورخستنەوەی ئومێد خوشناو پارێزگاری هەولێر دەدات و دەڵێت، هیچ بڕیارێكی گۆڕانكاری لەپۆستی پارێزگاری هەولێر بونی نیە.
ڕاگەیاندنی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای هەولێری پارتی دیموکراتی کوردستان، لەڕاگەیەندراوێكدا ڕایگەیاند، سەبارەت بەو هەواڵەی ئەمڕۆ لەچەند کەناڵ و پەیجێکدا بڵاوکراوەتەوە سەبارەت بەئەنجامدانی گۆڕانکاری لەنێوان هەردوو بەڕێز (پارێزگاری هەولێر و بەرپرسی لقی دووی پارتی)، لێرەوە ڕونی دەکەینەوە کە هیچ بڕیارێکی لەو شێوەیە تا ئێستا بونی نییە.
دەشڵێت، داوا لەم کەناڵانە دەکەین لەچوارچێوەی ئەرک و بەرپرسیارێتی پیشەییدا وردتر بن و پێش بڵاوکردنەوەی هەر هەواڵێک، بەدواداچونی فەرمی و ڕاستگۆیانە ئەنجام بدەن.
ئەمە لەكاتێكدایە، ئەمڕۆ نوسراوی دورخستنەوەی ئومێد خۆشناو وەك پارێزگاری هەولێر لەچەند میدیایەكەوە بڵاوكرایەوە.