شارپرێس:
وتەبێژی ناوەندی ڕاگەیاندنی یەپەژە ڕایگەیاند، بۆچونێک هەیە بۆ ئەوەی
یەپەژە وەک هێزێکی سەربەخۆی دژەتیرۆر لە چوارچێوەی وەزارەتی ناوخۆدا جێگیر بکرێت،
دەشڵێت،" لە چەند ڕۆژی داهاتودا سەبارەت بەم پرسە لە دیمەشق کۆدەبینەوە ".
ڕوکەن جەمال، وتەبێژی ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکینەکانی پاراستنی ژنان
(یەپەژە)، لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی یەپەژە ئاماژەی بەوەکردوە،" لەمانگی
نیسانی رابردوو لەگەڵ مورهاف ئەبو قەسرە، وەزیری بەرگریی سوریا کۆبونەوەمان کردوە،
ئێمە ڕەشنوسێکمان سەبارەت بە بۆچون و پێشنیازەکانمان بەشێوەی نوسراو پێشکەش
کردبوو، بەڵام تا ئێستا هیچ پێشنیاز یان بڕیارێکی فەرمی لەلایەن بەرپرسانی
دیمەشقەوە بە ئێمە نەگەیشتوە ".
ئەوەشیخستەڕوو،" چەند بۆچونێک هەن بۆ ئەوەی یەپەژە وەک هێزێکی
تایبەت و سەربەخۆی دژەتیرۆر لەناو وەزارەتی ناوخۆدا جێگیربێت، بەڵام تائێستا
نەگەیشتونەتە بڕیارێکی ڕون و کۆتایی ".
وتەبێژی ناوەندی ڕاگەیاندنی یەپەژە وتیشی،" تا ئەو کاتەی میراتی
یەپەژە دەخەینە ژێر گرەنتی و پارێزبەندییەکی یاساییەوە، تێکۆشان و خەباتمان
بەردەوام دەبێت ".