برینەکانی دایک و باوک

هەمەڕەنگ

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 65 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لە جیهانی ناوەوەی مرۆڤ، دایک و باوک دوو پایەی سەرەکی کەسایەتی و دەروونی مرۆڤن. شێوەی پەیوەندی منداڵ لەگەڵ ئەوان، کاریگەرییەکی قووڵى لەسەر شێوازی بیرکردنەوە، هەستکردن و ژیانکردنيان لە تەواوی تەمەنیان هەیە.
لە ڕوانگەی دەروونناسیی شیکارییەوە، باوک زۆرجار هێمای هێز، پشتگیری، متمانەبەخۆبوون و چوونە ناو کۆمەڵگایە؛ لە کاتێکدا دایک هێمای ئاسایش، خۆشەویستی، بەها، و هەستی پارێزراویە.
برینی باوک؛ هەستی من بەس نیم
کاتێک باوک سارد، دوور، تووڕە یان بەردەوام لە ڕەخنەگرتن و بەراوردکردنی منداڵ دەبێت، منداڵ هەست دەکات کە هەرگیز بەس نییە.
ئەو باوکەی: بەردەوام ڕەخنە دەگرێت. منداڵی خۆی بە کەسانی تر بەراورد دەکات. دەستکەوتەکانی پشتگوێ دەخات. دەڵێت: هێشتا زۆر کەمە یان ئەوان باشترن. ئەم شێوازە وا لە منداڵ دەکات لە ناخیدا باوەڕێکی قووڵ دروست بکات: هەرچی بکەم، هێشتا بەس نیم. کاتێک کەگەورە ئەبێت، ئەم برینە بە شێوەی جیاواز دەردەکەوێت:
بەردەوام هەوڵ دەدات سەرکەوتوو بێت. خۆی لەگەڵ خەڵکی تر بەراورد دەکات. کار دەکات بۆ پارە، ناوبانگ یان گەیشتن بە پلەی بەرز، بەڵام هەرگیز تێر نابێت. هەر سەرکەوتنێک دوای ماوەیەکی کەم بۆی بێبەها دەبێت. لە ڕاستیدا، ئەو مرۆڤە تەنها بەدوای سەرکەوتندا ناگەڕێت؛ بەڵکو ئەو منداڵە بچووکەیە  کە هێشتا لەناخیدا چاوەڕێی بیستنى ئەو وشانەیە: شانازیت پێوە دەکەم. تۆ بەسیت. باوەڕم پێتە.
برینی دایک؛ هەستی تاوانباری
ئەگەر دایک نەتوانێت سنووری تەندروست لەنێوان خۆی و منداڵەکەی دابنێت، یان خۆشەویستییەکەی مەرج داربکات، منداڵ فێر دەبێت پێش هەموو شتێک بیر لە هەستی دایک بکاتەوە، نەک لە پێویستییەکانی خۆی.
ئەو دایکانە زۆرجار: هەستی تاوان بە منداڵەکانیان دەدەن. لەڕێگەى بە قوربانی پیشاندانی خۆیان، ویژدانی منداڵ هەڵدەخەڵەتێنن. دەڵێن: هەموو ژیانم بۆ تۆ تەرخان کرد. ئەگەر منت خۆشدەوێت، ئەمە بکە.
بەم شێوەیە، منداڵ هەر بڕیارێکی سەربەخۆیی وەک جۆرێک لە خیانەتکردن دەبینێت. لە تەمەنی گەورەدا ئەم برینە دەبێتە هۆی: نەتوانینى وتنی نەخێر، بەردەوام ڕازی کردنی خەڵک، هەستکردن بەتاوان بەرامبەر بە هەر بڕیارێکی کەسی. ترس لە جیا بوونەوە یان سەربەخۆبوون.
باوک و دایک؛ دوو دەرگان بۆ ژیان، باوک دەرگای چوونە ناو جیهانی دەرەوەیە. ئەو فێرمان دەکات چۆن متمانە بە خۆمان بکەین، بەرپرسیاری لەئەستۆبگرین و بەرامبەر ئاستەنگەکان بوەستینەوە.
دایک پەناگەی ناوخۆییە. ئەو هەستی پارێزراوی، خۆشەویستی بێ مەرج و بەهای ناوخۆیی لە دڵماندا دروست دەکات.
ئەگەر باوک بریندارمان بکات، زۆرجار متمانەمان بەخۆمان لاواز دەبێت. ئەگەر دایک بریندارمان بدات، هەستی بەهای ناوخۆیی و خۆشەویستی بۆ خۆمان زیانی قووڵى بەر دەکەوێت.
هەڵسانەوە لە برینەکانی دایک و باوک
گرنگە بزانین ئەم برینانە چارەنووسى تۆ دیاری ناکەن. زۆر کەس لە منداڵییدا بە قووڵی بریندار دەبێت، بەڵام بە هۆشیاری، خۆناسین، گفتوگۆی تەندروست، و یارمەتیی دەروونناس ئەگەر پێویست بکات، دەتوانرێت ئەو برینانە ساڕێژ بکرێن.
ساڕێژبوون بەواتاى لەبیرکردنى ڕابردوو نییە؛ بەڵکو بەماناى ساڕێژکردنى ئەو برینانەى ڕابردووە تاچیتر ژیانت بەڕێوە نەبەن.
لە کۆتاییدا، گرنگترین شت ئەوەیە کە فێر بین خۆمان ئەو وشانە بە خۆمان بڵێین کە لە منداڵییدا پێویستمان پێیان بوو: تۆ بەسیت. بەهات هەیە. خۆشەویستیت، نەک تەنها لەبەر ئەوەی چی دەکەیت، بەڵکو لەبەر ئەوەی کە هەییت.