پاریس به‌په‌له‌ هاته‌ده‌نگ‌و هۆشداریی توند به‌ئیسرائیل ده‌دات

جیهان

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 571 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

گرژییەکان لەکەناری ڕۆژئاوای فه‌ڵه‌ستین بەردەوامن، بەتایبەتی لەهەردوو گوندی (تیبه‌و قوسرە)، لەگوندی قوسرەی باشوری نابلس، سوپای ئیسرائیل دانیشتوانی ماڵە فەڵەستینییەکانی ناچارکردوه‌ چۆڵیان بکەن، دوای ئەوەی کۆچبەرانی جولەکە سێ خێزانیان گەمارۆدابوو، هاوکات گرژییەکان لەشارۆچکەی تیبە-ی نزیک ڕامەڵڵاش بەردەوامن، دوای ئەوەی لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە وەک ناوچەی سەربازیی داخراو ڕاگەیەندرا، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ نوێترین ئامار کە ئاماژە بەبەرزبونەوەی ڕێژەی تاوانەكان دەکات کە لەلایەن کۆچبەرانی جولەکەوە لەکەناری ڕۆژئاوا ئەنجامدەدرێن، بەڕێژەی 63٪ بەبەراورد بەساڵی ڕابردوو.

فەرەنسا بەفەرمی هاتە ناو هێڵی قەیرانی توندوتیژییەکانی کەناری ڕۆژئاوای فه‌ڵه‌ستین‌و هۆشدارییەکی توند ئاراستەی حکومەتی تەلئەبیب ده‌كات، ئەم هەڵوێستە توندەی پاریس دوای ئەوەدێت، سوپای ئیسرائیل خێزانە فەڵەستینییەکانی لەشارۆچکەی (قوسرە) ناچارکردوه‌ ماڵەکانیان چۆڵبکەن، دوای ئەوەی لەلایەن کۆچبەرانی جولەکەوە گەمارۆدرابون.

وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا لەبەیاننامەیەکی فەرمیدا، بەتوندترین شێوازی دیپلۆماسی سەرکۆنەی داگیرکردنی ماڵە فەڵەستینییەکان‌و توندوتیژیی کۆچبەرانی جولەکەی کرد، پاریس لەهۆشدارییەکی ڕاستەوخۆدا داوای لەدەسەڵاتدارانی ئیسرائیل کردوه‌، بەپەلە تاوانباران دەستگیربکەن‌و ڕادەستی دادگایان بکەن، ده‌شڵێت، "بێدەنگیی لەئاست ئەم ڕەفتارانە، هاندەری زیاتری توندوتیژییە".

ئەم پێداگرییەی فەرەنسا لەکاتێکدایە کە به‌گوێره‌ی ئامارەکانی خودی دەزگا ئەمنییەکانی ئیسرائیل، "تاوانە نەتەوەییەکان"ی کۆچبەران بەڕێژەی 63٪ زیادیانکردوەو وەک "کردەوەی تیرۆریستی" پۆلێنکراون.

تەنها لەشەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، 660 هێرش تۆمارکراون، ئەم توندوتیژییانە گەیشتونەتە ئاستی گەمارۆدانی شارۆچکەی (تیبە ـ دواین شارۆچکەی تەواو مەسیحی نشین لەکەناری ڕۆژئاوا)و ڕاگرتنی وەک ناوچەی سەربازیی داخراو، ئەمەش دوای ئەوەی پێشتر کەنیسە دێرینەکەی لەلایەن توندڕەوە جولەکەکانەوە سوتێنرابوو.