داواکاری زۆری هەندێک پارتی کوردی و بەربەستە سەرەکییەکانی دروست بونی بەرەیەکی هاوبەش

ڕاپۆرت

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 242 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پێگەی هەواڵی جەروزەلم پۆست، وتارێکی شیکاری بڵاوکردوەتەوە دەربارەی زیاده‌خوازیی پارتە کوردییەکان و بەربەستە سەرەکییەکانی دروستکردنی هاوپەیمانییەک لەنێوان نەتەوەکانی دیکەی ئێران.

بەگوێرەی ئەم وتارە، بۆ دروستکردنی گۆڕانکارییەکی بەرچاو لەئێران، دەبێت ڕاستیی دیمۆگرافی و پێکهاتەی دانیشتوانی وڵات لەبەرچاو بگیرێت. هیچ نەتەوەیەک بەتەنها زۆرینەی دانیشتوانی ئێران پێکناهێنێت. لەبەر ئەمەش، هیچ نەتەوەیەک بەتەنها ناتوانێت بەرپرسیارێتی ڕێبەرایەتیی بەرەیەکی یەکگرتوو بۆ گۆڕینی ڕژێمی ئێران لە ئەستۆ بگرێت.

بەگوێرەی ئەم ڕوانگەیە، تەنها ڕێگای سەرکەوتن بۆ گۆڕینی ڕژێم، دروستکردنی بەرەیەکی یەکگرتوو لەهەموو نەتەوەکانە؛ لەوانە ئازەرییەکان، فارسەکان، عەرەبەکانی ئەهواز، بلوچەکان، تورکمانەکان، کوردەکان، لوڕەکان و گروپەکانی دیکە.

بەڵام پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە: ئەگەر ئەم هەڵبژاردەیە لەماوەی چەند دەیەیەکە وەک ڕاستییەکی ناسراو لە ناوخۆی ئێران بوونی هەبوە، بۆچی هێشتا جێبەجێ نەکراوە؟

سیستمی سیاسی و ناسیۆنالیزمی فارس
وتارەکە دەڵێت پێکهاتەی سیستمی حکومەتەکانی ئێران، سەرباری جیاوازیی ئایدیۆلۆژییان، بەشێوەیەک دامەزراوە کە لەکۆتاییدا خزمەت بەناسیۆنالیزمی فارس و ئایدیۆلۆژیی ئاریایی بکات. تەنانەت ئەگەر کەسێکی غەیرە فارس، وەک مەسعود پزیشکیان، ببێتە سەرۆک کۆمار، ناتوانێت ئەم سیستمە چاکسازی بکات و سەرەتایی‌ترین مافە نەتەوەییەکان بەنەتەوەکانی دیکە بدات. وەک نمونە، ئاماژە بەوە کراوە کە پزیشکیان داوای لەئەنجومەنی نوێنەرانی ئێران کردوە یاسایەک پەسەندبکات بۆ ئەوەی نەتەوەکانی دیکە بتوانن هەفتانە دوو کاتژمێر وانە بەزمانی نەتەوەیی و دایکیی خۆیان بخوێنن. بەڵام ئەم پێشنیارە لەلایەن یەکێک لەجێگرەکانی پزیشکیان لەئەنجومەنی نوێنەرانەوە ڕەتکرایەوەو دەسەڵات لە ئێران هەستی بەوە کردوە کە ئەمە دەبێتە دەستپێکی جوڵانەوەی جوداخوازانە؛ لەکۆتاییدا پزیشکیان پاشەکشەی کرد.

کێشەی نێوان نەتەوەکان
وتارەکە دەڵێت کە ناسیۆنالیزمی فارس، کۆنترۆڵی بەشێکی زۆری دەسەڵات، میدیا، زانکۆ، ئابووری و تەنانەت بەشێک لەئۆپۆزسیۆنی دەرەوەی وڵاتیشی کردوەو ئامادە نییە دەسەڵات لەگەڵ نەتەوەکانی دیکە هاوبەش بکات. 

هەر بەگوێرەی ئەم ڕوانگەیە، بۆ پاراستنی دەسەڵات، لەدروستکردنی ناکۆکی نێوان نەتەوەکان کەڵک وەرگیراوە. بۆ نمونە: ئازەرییەکان نیگەرانییان هەیە لەسەر داواکارییە ناوچەییەکانی هەندێک لایەنی کورد. لوڕەکان دەیانەوێت بە لوڕ بناسرێن، نەک بە کورد. عەرەبەکانیش نیگەرانییەکی هاوشێوەی ئازەرییەکانیان هەیە سەبارەت بەداواکارییە ناوچەییەکان لەبەشەکانی باکوری ئەهواز، کە بەپارێزگای خوزستان ناسراوە. بلوچ و تورکمانەکانیش.
بەگوێرەیوتارەکە، کێشەی هاوشێوەیان هەیە لەبارەی کۆچکردنی فارسەکان بۆ ناوچەکانیان.

بانگەشەی ئازەرییەکان
ئێمە ئازەرییەکان، وەک گەورەترین نەتەوە لەئێران، کە زیاتر لە ٣٠ ملیۆن کەسین، لە دراوسێ کوردەکانمان دەخوازین لەداواکارییە ناوچەییەکانی خۆیان پێداچوونەوە بکەن و بۆ دروستکردنی ژینگەیەکی هاوکاری هەنگاو بنێن.

نوسەری ڕاپۆرتەکە دەڵێت ئامانجی هاوبەش دەبێت ڕوخاندنی ئەو حکومەتە بێت کە نووسەر وەسفی دەکات بەناسیۆنالیزمی فارس، تیۆکراتیک و ئیسلامی و بەباوەڕی ئەو، هەڕەشەیە بۆ سەقامگیریی ناوچەکە و ئاشتیی جیهان.

نوسەر پێشنیار دەکات هەموو گروپەکان شان بەشانی یەکتر بۆ گۆڕینی ڕژێم کار بکەن، بۆ ئەوەی ئێران ببێتە دەوڵەتێکی فیدراڵ، لامەرکەزی، سێکولارو ئازاد؛ دەوڵەتێک کە تێیدا مافی خوێندن بەزمانی دایک، مافی کەمینەکان، مافی ژنان و مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ پارێزراو بن.

هەروەها وتارەکە پێشنیار دەکات ئەگەر هەر گروپێکی نەتەوەیی دواتر خوازیاری جودابونەوە بوو، بتوانێت لەڕێگەی ڕاپرسییەکی چاودێریکراو لەلایەن نەتەوە یەکگرتوەکان لە ناوچەکەی خۆیدا بڕیار بدات.

کێشەی ناوچە سنورییەکان 
لەبەشی دوەمی وتارەکەدا نوسەر باس لەئاڵۆزییەکانی نێوان کوردو ئازەرییەکان دەکات. بەگوێرەی بانگەشەکە، بەشێک لەدانیشتوانی ئازەری لەپارێزگاکانی کوردنشین و بە پێچەوانەوە کۆمەڵێک کورد لەپارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا دەژین. وتارەکە پێشنیار دەکات کە سنورە ئیدارییەکانی پارێزگاکان بەشێوەی ئێستا بمێننەوەو دوای گۆڕانی ڕژێم، کێشەکانی پەیوەندیدار بە پێکهاتەی دانیشتوان و مافە نەتەوەییەکان چارەسەر بکرێن.

هەر بەگوێرەی ئەم پێشنیارە، دەتوانرێت بەهەردوو نەتەوەی کوردو ئازەری مافی خوێندن بەزمانی دایک، بەشداریی سیاسی و نوێنەرایەتی لەحکومەتی ناوخۆیی بدرێت. نوسەر هەروەها دەڵێت ئەم مۆدێلە دەتوانێت بۆ کێشەکانی عەرەب، کورد، لوڕ، بلوچ و تورکمانیش بەکاربهێنرێت.

داواکاری بۆ ڕۆڵی ئەمریکاو ئیسرائیل
لەبەشی کۆتایی وتارەکەدا، نوسەر پێشنیار دەکات وڵاتانی ڕۆژئاوا، بەتایبەتی ئەمریکاو ئیسرائیل ڕۆڵێک بۆ نزیککردنەوەی ئەم نەتەوە جیاوازانە ببینن. بەپێی ئەم ڕوانگەیە، دروستکردنی پەیوەندی تەنها لەگەڵ یەک یان دوو نەتەوەو پشتگوێخستنی نەتەوەکانی دیکە ناتوانێت چارەسەرێکی هەمیشەیی بێت.

وتارەکە لەکۆتاییدا دەڵێت فارسەکان کەمتر لە ٤٠٪ی دانیشتووانی ئێران پێکدەهێنن و بۆیە، بەوتەی نوسەر، نەتەوەکانی دیکە زۆرینەی دانیشتوانی وڵاتن. لەبەر ئەمە، دەبێت ناکۆکییە نێوخۆییەکان کەم بکرێنەوەو بەرەیەکی هاوبەش دروست بکرێت.