شارپرێس:
حزبوڵڵای لوبنان داوای لەدەسەڵاتدارانی وڵاتەکەی کرد، بەدوای رێگەی نوێدا بگەڕێن بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانی ئیسرائیل و واز لەسوربون لەسەر پرۆسەی دانوستانی ڕاستەوخۆ بهێنن.
حزبوڵڵای لوبنان، لەڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند، هاوڵاتییانی لوبنان بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەژێر کاریگەریی پەرەسەندنی هێرشەکان و کۆمەڵکوژییەکی دڕندانە بەئاگا هاتن کە ئیسرائیل دژی مەدەنییە بێتاوانەکان لەباشور ئەنجامیدا، ئەمەش لەرێگەی بەئامانجگرتنی ماڵێک لە دەوروبەری شارۆچکەی "ئەنسار"ی باشورو تەلارێک لە ناوچەی "دێر زەهرانی"، کە بوە هۆی کوژرانی 11 کەس، لەناویاندا ژن و منداڵ هەبون، هاوكات 12 کەسی دیکەش بریندار بون."
لەدرێژەی ڕاگەیەنراوەکەدا هاتوە،"ئەم پەرەسەندنەی ئیسرائیل لەرێگەی بەئامانجکردنی مەدەنییەکان و فراوانکردنی بازنەی ناوچە لێدراوەکان، گوزارشت لەویست و ئارەزوی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەکات بۆ پەرەپێدانی شەڕەکە، بەمەبەستی بەهێزکردنی پێگەی سیاسیی ناوخۆیی خۆی، خزمەتکردن بە ئامانجە هەڵبژاردنەکانی و ڕازیکردنی لایەنە راستڕەوە توندڕەوەکان."
حزبوڵڵا حکومەتی ئیسرائیل و ئەمریکای بەبەرپرسیاری بەردەوامبونی هێرشەکان و پێشێلکردنی سەروەریی خاکی لوبنان داناو جارێکی دیکە داوای لە دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەی کرد کە "بەدوای رێگەی جێگرەوە بگەڕێن بۆ ڕاگرتنی ئەم دەستدرێژییە و، چیدیکە پێداگری نەکەن لەسەر بەردەوامبون لەپڕۆسەی دانوستانە ڕاستەوخۆکاندا."
جەختیشی کردەوە کە پێویستە دەسەڵاتدارانی لوبنان چاو بەبڕیارو ھەنگاوەکانیاندا بخشێننەوە، بەشێوازێک کە سەروەریی لوبنان و مافەکانی بپارێزێت و هەڵوێستێکی نیشتمانیی ئازایانەو بەرپرسیارانە بنوێنێت و، چیدیکە بەردەوام نەبێت لەو دانوستانانەی کە ئەمریکا رایکێشاوەتە ناو هێڵەکەیەوە."
هاوكات هۆشداریی دایە ئیسرائیل کە "دەستدرێژی و پێشێلکاری و هەوڵەکانی بۆ سەپاندنی ئەمری واقیع ناتوانێت بەردەوام بێت و، بە پەرچەکرداری گونجاو وەڵام دەدرێتەوە".
