پارتی لەیادی 80 ساڵەیدا: جەخت لەپێكهێنانی كابینەی دەیەم دەكەینەوە

کوردستان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 137 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەبۆنەی 80 ساڵەی دامەزراندنی حزبەكەیەوە دەڵێت،"  جەخت لەپاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان، پێکهێنانی کابینەی دەیەم و دورخستنەوەی عێراق و هەرێمی کوردستان لە ئاژاوەی ناوچەکە دەکەینەوەو ئەركمان پاراستنی قەوارەی هەرێمە".


مەکتەبی سیاسیی پارتی لەڕاگەیەندراوێكدا ڕایگەیاند، پاراستنی دەستکەوتەکان و دورخستنەوەی هەرێمی کوردستان لەگرژی و شەڕ و پێکدادانەکانی دەوروبەر، بەرپرسیارێتییەکی نەتەوەیی و نیشتمانییە؛ هەروەها جەخت لەرێگاگرتن لەوەی کوردستان ببێتە شوێنێک بۆ کاریگەری خستنە سەر ئەمنیەتی دراوسێکانمان و رێزگرتنی دولایەنەی بەرژەوەندییەکان دەکاتەوە.

پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژە بەدۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت، کاراکردنەوەی پەرلەمان وەکو ئەرکێکی مێژوویی و پێکهێنانی کابینەی دەیەم و حکومەتێکی بەهێز، لەگەڵ پاراستنی یەکڕیزی و رێزگرتن لە فرەیی پێکهاتەکان، پێویستیی قۆناغەکەن بۆ پتەوکردنی سەقامگیری و ئاشتەوایی لەهەرێمی کوردستان.

سەبارەت بەدۆخی عێراق، مەکتەبی سیاسیی پارتی دەستی دۆستایەتی و پێکەوەکارکردن بۆ تەواوی لایەنە سیاسییەکانی بەشدار لەپرۆسەی سیاسیی عێراق درێژ دەکات و ڕایدەگەیەنێت،"ئەرکی هەمومانە بە جیاوازیی بیر و بۆچونی سیاسی، بڕوای ئایینی و مەزهەبییەوە پێکەوە هەوڵ بدەین عێراق بۆ هەمووان بێت و دوری بخەینەوە لەتێوەگلان لەشەڕ و ئاژاوەی ناوچەکە."

پارتی دەشڵێت، لایەنە عێراقییەکان کە عێراق توشی کێشەی زۆر کراوەو ڕەوا نییە چیدی لەو بازنەیە بسوڕێتەوە، چونکە خەڵکی عێراق هیچی دیکە بەرگەی ئەو هەموو نەهامەتییانە ناگرێت، ئەمەش بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقی، نیشتمانی و ئایینییە."