فەڕەنسا لەئێران تۆڕی سیخوڕی دامەزراندوە

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 392 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران، فەڕەنسای بەجێبەجێکردنی پڕۆژەیەک بۆ سیخوڕی و دەستێوەردانی دەرەکی لەئێران تۆمەتبار کردو دەڵێت، دیپلۆماتە فەڕەنسییەکان دوبارە ڕەفتاری نایاسایی بکەن، بەگوێرەی یاسا مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.


وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران لەڕاگەیەندراوێكدا ڕایگەیاند، ئەگەر دیپلۆماتە فەڕەنسییەکان دوبارە ڕەفتاری نایاسایی و دەستێوەردان بکەن، بەگوێرەی یاسا مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.

ئەم تۆمەتە دوای دەستبەسەرکردن و لێپرسینەوەی چەند کاتژمێرێکی دوو دیپلۆماتی فەڕەنسی لەتاران ئاراستەیان کراوە. 
فەڕەنسا ئەم کردارەی بەپێشێلکردنی مافی بەرگری و پارێزراوی دیپلۆماتیک ناوبردو ڕایگەیاند کە یەکێک لەدیپلۆماتەکان لێیدراوە، بەڵام بەرپرسانی ئێران ئەم بانگەشەیەیان ڕەتکردوەتەوە.

وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران بانگەشەی ئەوەی کردوە کە بەپشکنینی ئەو بەڵگەنامانەی دەستیان کەوتوە لەشوێنەکە، ئاماژە بەپڕۆژەیەک بەناوی (مێرولە) دەکات کە ئامانجی ناسینەوەی کەسەکان، دروستکردنی پەیوەندیی نهێنی و دروستکردنی تۆڕی سیخوڕی لەناوخۆ و دەرەوەی ئێران بوە.

ئەم وەزارەتە بانگەشەی بونی واژۆی باڵیۆزی پێشوی فەڕەنسا لەسەر ئەم پڕۆژەیەی کردوە، بەڵام تائێستا هیچ بەڵگەیەکی فەرمی بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەم بانگەشەیە بڵاونەکردوەتەوە.

لەبەرامبەردا، فەڕەنسا تۆمەتی دەستێوەردان لەکاروباری ناوخۆی ئێرانی ڕەتکردوەتەوەو ڕایگەیاندوە چالاکیی دیپلۆماتەکانی لەچوارچێوەی ئەرکە دیپلۆماتیکەکانیاندا بوە، لەوانەش پەیوەندیکرن لەگەڵ کۆمەڵگەی مەدەنیی ئێران.
یەکێتیی ئەوروپاش دەستبەسەرکردنی دیپلۆماتە فەڕەنسییەکانی بەدژ بەبنەماو ڕێساکانی داناوە.

وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران ڕایگەیاندوە کە لێکۆڵینەوەکان لەسەر ئەم دۆسێیە بەردەوامن و زانیاریی زیاتر لەسەر بابەتەکە لەداهاتودا بڵاو دەکاتەوە.