باجی تێپەڕین.. کارتی فشاری بەهێزی ئێران بۆ وەڵامدانەوەی فشاری ئابوریی ئەمریکا

ئابوری

25/08/2026‌ 242 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرچاوەیەکی ئاگاداری ئێرانی ڕاگەیاندوە کە تاران بەرەو جێگیرکردنی ڕێکخستنێکی نوێ بۆ بەڕێوەبردنی هاتوچۆی کەشتییەکان لەگەروی هۆرموز دەچێت، لەچوارچێوەی ئەم پلانەدا، دامەزراوەکانی ئێران دەوری زیاتر لەڕێکخستنی تێپەڕین و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە کەشتییەکان دەبینن.

ئەم هەنگاوە لەگەڵ جموجۆڵی سیاسیی و ئەمنیی بۆ داڕشتنەوەی یاساکانی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم ڕیڕەوە ستراتیژییەدا دەڕوات، و ئامانجی ئەوەیە هەژموونی جوگرافیایی ئێران بگۆڕێت بۆ ئامرازێکی یاسایی و ئابووری لە بەرامبەر فشارەکانی واشنتۆن.

ئەم هەنگاوانە هاوکات بوون لەگەڵ ڕاگەیاندنی وەزارەتی خەزینەی ئەمریکا دەربارەی پاکێجێکی فراوانی سزا ئابوورییەکان کە پێنج بوارە هەستیارەکانی ئێران دەگرێتەوە. لە هەمان کاتدا، گفتوگۆکان لەبارەی داهاتووی کەشتیڕۆیشتن لەهۆرموز بەردەوامن.

ئێران دەیەوێت هەر ڕێکخستنێکی نوێ بۆ تێپەڕینی کەشتییەکان، بەرژەوەندییە ئەمنی و ئابوورییەکانی لەبەرچاو بگرێت و دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی بۆ بەڕێوەبردنی خزمەتگوزارییەکان دابین بکات؛ بەڵام ئەمریکا جەخت لەسەر ئازادیی تێپەڕینی کەشتییەکان دەکات و دژی هەر ڕێکخستنێکە کە بتوانێت کۆنترۆڵی بازرگانیی جیهانی بداتە دەست تاران.

کۆمیتەی ئاسایشی نیشتیمانیی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران ماددەیەکی پڕۆژەی "کرداری ستراتیژی بۆ دابینکردنی ئاسایش و گەشەپێدانی تەنگەی هۆرموز"ی پەسەند کردووە. بەپێی ئەم ماددەیە، لە کەشتییەکانی ئەو وڵاتانەی ڕێگەیان پێدراوە لە تەنگەکە تێپەڕن، دەتوانرێت بەرامبەر خزمەتگوزارییەکانی وەک ڕێنمایی کەشتی، پاراستنی ژینگە، سووتەمەنی لە بارودۆخی تایبەت، بیمە و سەلامەتی، پارە وەربگیرێت.

ئەم پارەیە دەتوانێت بە ریالی ئێرانی یان بە دراوێکی دیکەی دیاریکراو لەلایەن دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکان وەربگیرێت.

بەڵام ماددە پەسەندکراوەکە ڕێژەیەکی دیاریکراو بۆ بار و بەهای کاڵاکان دانانێت و بە ڕوونی باس لە باجی تەنها تێپەڕین ناکات؛ بەڵکو وەرگرتنی پارە بە خزمەتگوزارییە ڕاستەوخۆکانەوە دەبەستێتەوە. بۆیە، ئەم هەنگاوە لە ئێستادا زیاتر وەک دابینکردنی پاشبنەمایەکی یاساییی ناوخۆیی بۆ وەرگرتنی بەرامبەری خزمەتگوزارییەکان دەردەکەوێت، نەک وەرگرتنی ڕەزامەندیی نێودەوڵەتیی بۆ دانانی باج لەسەر تەنها تێپەڕین.

 

لە دیدی شیکەرەوەکانەوە، هۆرموز یەکێکە لە گرنگترین ڕێڕەوە دەریاییەکانی گواستنەوەی وزە لە جیهاندا. بۆیە ئێران هەوڵ دەدات شوێنی جوگرافیایی خۆی بکاتە کارتی فشاری سیاسی و ئابووری.

ئەم ڕێبازە دەکرێت جێگەی هەڕەشەی داخستنی تەنگەکە بگرێتەوە و هۆرموز بکاتە بەشێک لە گفتوگۆی فراوانتری سزا ئابوورییەکان، پەڕەی ناوەکی و ئاسایشی کەنداو. هەر ڕەتکردنەوەیەکی ئەمریکی بۆ ڕێکخستنە نوێکانیش دەتوانێت فشارە دەریایی و ئابوورییەکان زیاد بکات و ناکۆکییەکان لەسەر ئەم ڕێڕەوە هەستیارەی بازرگانیی وزە توندتر بکات.