بۆ یەکەمجار وەزیری پێشمەرگە دانیپێدا نا: لێکتێگەیشتنەکەمان لەگەڵ ئەمریکا کۆتایی دێت

کوردستان

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3040 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە بە كەناڵی "رووداو"ی راگەياندووە، یاداشتی نێوان هێزەكانی هاوپەیمانان و هێزی پێشمەرگە سەرەتای مانگی 9 كۆتایی دێت.

رۆژی شەممە، کەناڵی بی بی سی لە زاری بەرپرسانی ئەمریکییەوە باسی لەوە کرد، پێنتاگۆن بەرپرسانی هەرێمی کوردستانی ئاگادار کردووەتەوە لەوەی یاداشتی لێکتێگەیشتن لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە نوێ ناکەنەوە کە لە 30ی ئەیلوول کۆتایی دێت. بەمەش، ئەو یارمەتییە داراییەی بۆ پێشمەرگە دەنێردرا دەبڕدرێ، کە لە بودجەی ئەم ساڵی داریی پێنتاگۆندا بە 61 ملیۆن دۆلار دانرابوو. 

وەزیری پێشمەرگە ڕایگەیاند، "ئێمە لە هەرێمی کوردستان چوار ساڵ پێش ئێستا یاداشتی لێکتێگەیشتنمان لەگەڵ هاوپەیمانان واژۆ کرد. ئەو یاداشتە بۆ چوار ساڵ بوو و لە مانگی نۆدا چوار ساڵەکە تەواو دەبێت. هەموو خاڵەکانی نێو یاداشتەکە وەک خۆیان جێبەجێ کراون".

وەزیری پێشمەرگە وتیشی: "لە چوار ساڵەکەدا پابەندیی تەواو بە یاداشتەکەوە لە لایەن هەردوولاوە هەبوو. یەکێک لە بڕگە سەرەکییەکانی یاداشتەکە یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بوو کە بە تەواوی جێبەجێ کراوە و ئێستا هیچ هێزێکی پێشمەرگە لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە نییە".

شۆڕش ئیسماعیل باسی لە یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە کرد و وتی: "هێزەکانی پێشمەرگە لە دوو دەڤەر و 11 فیرقە و فەرماندەییەک رێکخراونەتەوە و لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدان".