شارپرێس:
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، هێرشێکی توند دەکاتەسەر وەزیری خەزێنەی ئەمریکاو بەدرۆزن ناوی دەبات، قالیباف نەک هەر ئامارەکانی واشنتۆن سهبارهت بهتێپەڕبونی نەوت بەگەروی هورمزدا ڕەتدەکاتەوە، بەڵکو هۆشداریدەدات، تێچوی هەر جەنگێک دژی تاران 130 ملیار دۆلار دەبێت، دهشڵێت، "بازاڕی دارایی ئەمریکا خۆی لەناو ئاگردایە".
محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران (مەجلیسی شورا)، زانیارییهكانى سکۆت بیسنت وەزیری خەزێنەی ئەمریکای سەبارەت بەبڕی ئەو نەوتەی کە لەمدواییانەدا بەگەروی هورمزدا تێپەڕیوە، ڕەتکردەوە.
قالیباف لەپۆستێکدا لەتۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) ڕایگەیاند، "وەزیری خەزێنەی ئەمریکا سەبارەت بەتێپەڕبونی 130 ملیۆن بەرمیل نەوت بەگەروی هورمزدا درۆ دەکات، تێچوی ڕاستەقینەی جەنگ دژی ئێران دەگاتە 130 ملیار دۆلار".
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ڕوی دەمی کردە بیسنتو وتی، "ئەی درۆزن، سەیری سودی قەواڵە داراییەکانی خەزێنەی ئەمریکا بکە کە چۆن بەرزبوەتەوەو ئاگریگرتوەو بەردەوام لەبەرزبونەوەدایە".
ئەم لێدوانانە لەکاتێکدایە کە ئێران گەروی هورمزی داخستوەو کردنەوەشی مەرجدارکردوە بەکۆتاییهێنان بەدەستوەردانو هێرشەکانی ئەمریکا لەناوچەکەدا؛ هەرچەندە تاران لەهەندێککاتداو دوای هەماهەنگی پێشوەختە لەگەڵ سوپای پاسداران، ڕێگەی بەتێپەڕبونی هەندێک کەشتیی بازرگانی داوە.
