کەسایەتییەکی دیاری جولەکە دەچێتە ناو لیستێكى عه‌ره‌بى بۆ هه‌ڵبژاردنى وڵاته‌كه‌ى

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2292 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەهەنگاوێکی سیاسییدا، مەنسور عەباس سەرۆکی لیستی یەکگرتوی عەرەبی (ڕەعام)، پەیوەندیکردنی یۆئاڤ سیگالۆڤیچ ئەندامی پێشوی پەرلەمانی ئیسرائیل (کنێست)ی بۆ ناو لیستی پارتەکەی ڕاگەیاند بەمەبەستی بەشداریکردن لەهەڵبژاردنەکانی داهاتودا.


مەنسور عەباس لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەکرد، هەڵبژاردنی سیگالۆڤیچ کە پێشتر ڕۆڵی دیاری هەبوە لەدۆسیەی بەرەنگاربونەوەی تاواندا، پەیامێکی ڕونە بۆ ئەوەی کە پرسی ئاسایش‌و تاوان تەنها کێشەی کۆمەڵگەی عەرەبی نییە، بەڵکو هەڕەشەیە بۆسەر تەواوی دەوڵەت‌و کۆمەڵگەی ئیسرائیل.



عەباس وتی، "ئەو چەکەی ئەمڕۆ لەشارە عەرەبییەکاندا بەکاردێت، سبەی دەگاتە ناوشارە جولەکەنشینەکان، بۆیە بەرەنگاربونەوەی تاوان بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشە".

لای خۆیەوە، یۆئاڤ سیگالۆڤیچ ڕایگەیاند، ئەو بەشێوەیەکی کەسیی بڕیاریداوە بچێتە ناو لیستە عەرەبییەکەوە، چونکە بڕوای وایە هیچ چاکسازییەکی ڕاستەقینە لەئیسرائیلدا بەبێ دروستکردنی شەراکەتی سیاسی لەگەڵ عەرەبەکان نایەتەدی.

سیگالۆڤیچ وەڵامی ئەو لایەنانەشی دایەوە کە پێیانوایە، دوای ڕوداوەکانی 7ی ئۆکتۆبەر شەراکەت لەگەڵ عەرەبەکان مەحاڵەو ئەو جۆرە بانگەشانەی بە"پوچ‌و بێبنەما" وەسفکردو جەختیشیکردەوە، ئەم هەنگاوەی ئەو، نەک لاوازی، بەڵکو سەرچاوەی هێزێکی نوێیە بۆ پێکەوەژیانی سیاسیی.

ئەم بڕیارە دەنگدانەوەیەکی گەورەی لەناوەندە سیاسییەکانی ئیسرائیل دروستکردوە، چونکە یەکەمجارە کەسایەتییەکی دیاری جولەکە کە مێژویەکی لەبواری ئەمنیدا هەبێت، بەفەرمی بچێتە ناو لیستێکی عەرەبییەوە، چاودێران پێیانوایە، ئەمە سەرەتای قۆناغێکی نوێیە لەهاوپەیمانێتییە سیاسییەکان کە تێیدا کێشە ناوخۆییەکان دەخرێنە پێش ڕەهەندە نەتەوەییەکانەوە.

یۆئاڤ سیگالۆڤیچ سەرۆکی بەشی لێکۆڵینەوەو هەواڵگریی بوه‌ لەپۆلیسی ئیسرائیل ئەمە یەکێکە لەهەستیارترین پۆستە ئەمنییەکان کە تێیدا سەرپەرشتی هەموو لێکۆڵینەوە گەورەکانی وڵاته‌كه‌ى دەکرد، بەتایبەت ئەو دۆسیانەی پەیوەندییان بەگەندەڵی سیاسیی‌و تاوانە ڕێکخراوەکانەوە هەبوو، هاوكات دامەزرێنەرو یەکەم فەرماندەی یەکەی (لاهاڤ 433) بوو ئەم یەکەیە لەئیسرائیلدا بەFBIی ئیسرائیل ناسراوە، یەکەیەکی گرنگ‌و پێشكه‌وتوى پۆلیسە کە تایبەتە بەشەڕی دژ بەگەندەڵی، تاوانە نێودەوڵەتییەکان‌و تاوانە ڕێکخراوە مەترسیدارەکان، سیگالۆڤیچ خۆی ئەم یەکەیەی دامەزراندوە، پلەی سەربازیشى له‌ئه‌ركدا گەیشتوەتە پلەی (نیزاف) کە یەکسانە بەپلەی لیوا لەپۆلیسدا.

پێشتریش جێگری وەزیری ئاسایشی ناوخۆ بوه‌ لەحکومەتەکەی یائیر لافیددا، لەو ماوەیەدا بەرپرسیارێتییەکی تایبەتی پێدرابوو بۆ "بەرەنگاربونەوەی تاوان لەناو کۆمەڵگەی عەرەبیدا"، هەر بۆیە پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ سەرکردە عەرەبەکان‌و مەنسور عەباس دروستکردوە.