پزیشکیان لەلوتکەی شانگهای: ئەمریکاو ئیسرائیلمان ناچارکرد هێرشەکانیان ڕابگرن

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2322 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران، جەختیکردەوە، وڵاتەکەی ئەمریکاو ئیسرائیلی ناچارکردوە بەڕاگەیاندنی ئاگربەست‌و کۆتاییهێنان بەدەستدرێژییەکانیان لەجەنگی 40 ڕۆژەدا، ده‌شڵێت، "پێشێلکردنی بەڵێنەکان لەلایەن واشنتۆنەوە بەوەڵامێکی ئێرانیی گونجاو بەرەوڕوبوەتەوە".


پزیشکیان ڕونیکردەوە، ئاسایشی بەردەوام بەڕوبەڕوبونەوە نایەتەدی، بەڵکو لەڕێگەی متمانەی دولایەنە، ڕێزگرتن لەسەروەریی وڵاتان‌و دەستوەرنەدان لەکاروباری ناوخۆیی یەکترییەوە دەبێت، جەختیشی لەکاری لەپێشینەی بژاردەی ئاشتیخوازانەی هاوسەنگ کردەوە.

سەبارەت بەڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان، سەرۆک کۆماری ئێران ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەگەر ئەمریکا بگەڕێتەوەسەر بەڵێنەکانی لەیاداشتی لێکتێگەیشتندا، ئەوا ئێرانیش هەنگاوێکی هاوشێوە دەنێت".

لەسەر ئاستی هاوکارییە ناوچەییەکان، پزیشکیان داوای لەڕێکخراوی هاریکاریی (شانگهای) کرد کە لەیەککاتدا چارەسەری ڕەهەندە ئەمنی‌و ئابورییەکان بکەن تاوەکو ڕۆڵێکی کاریگەرتر بگێڕن".

تاران پێشنیازی دروستکردنی بانکێک، دامەزراندنی یەکێتییەک بۆ دڵنیایی (تەئمین)ی هەناردەکردن‌و وەبەرهێنان‌و دروستکردنی هاوپەیمانییەکی وزەی کردوە بەئامانجی بەهێزکردنی پێگەی ڕێکخراوەکە.

پزیشکیان لەلوتکەی ڕێکخراوی شانگهای بەشدارە کە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لەشاری بیشکیکی پایتەختی قیرغیزستان بەڕێوەدەچێت، لەپەراوێزی لوتکەکەدا، پزیشکیان گفتوگۆی جیای لەگەڵ نارێندرا مۆدی سەرۆک وەزیرانی هیندستان‌و شەهباز شەریف سەرۆک وەزیرانی پاکستان ئەنجامدا.

ئەم ڕێکخراوە 10 وڵات لەخۆدەگرێت (بیلاڕوس، چین، هیندستان، ئێران، ڕوسیا، کازاخستان، قیرغیزستان، ئۆزبەکستان، پاکستان‌و تاجیکستان)، ئامانجی ڕێکخراوەکە ئەوەیە ببێتە جەمسەرێکی بەهێز بەرامبەر هەژمونی وڵاتانی ڕۆژئاوا، بەجەختکردنەوە لەسەر پرسە ئەمنی‌و ئابورییەکان، لەساڵانی دواییدا بەهاندانی پەکین‌و مۆسکۆ، ڕێکخراوەکە گەشەی زیاتری کردوەو 15 وڵات وەک هاوبەشی گفتوگۆ پەیوەندییان پێوەکردوە، لەوانە تورکیا، سعودیەو قەتەر.