ئه‌وكه‌سه‌ى چه‌ك‌و ته‌قه‌مه‌نى بۆ حه‌ماس دابینده‌كرد كوژرا

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1409 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سوپای ئیسرائیل ئاشكرایكرد، توانیویانە (عەمرو محەمەد ڕوشدی سه‌راج) بەرپرسی یەکەی پشتیوانی‌و دابینکردنى هێزه‌كانى حه‌ماس له‌ناوچه‌ى سه‌برا به‌ئامانج بگرن.


سوپاى ئیسرائیل بەیاننامەیەکى بڵاوكردوه‌ته‌وه‌و ئاماژەی بەوەکردوە، سه‌راج بەرپرسی دابینکردنی چەک بوە بۆ چەکدارانی بزوتنەوەکە لەناوشاری غەززە؛ هەروەها لەو ئۆپه‌راسیۆنەدا ئەندامێکی دیکەی باڵە سەربازییەکەی حەماسیش کراوەتە ئامانج.

سوپای ئیسرائیل ڕاشیگەیاندوە، ئەوکەسانەی کراونەتە ئامانج، لەمدواییانەدا بەشدارییان لەپلاندانان بۆ ئەنجامدانی ئۆپه‌راسیۆن دژی هێزەکانی ئیسرائیل‌و هاوڵاتیانی مەدەنی کردوە، هەروەها هەوڵیانداوە تواناکانی بزوتنەوەکە سەرلەنوێ ڕێکبخەنەوە، ئەمەش بەپێشێلکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست لەقەڵەمدراوە.

پێشترو لەهەمان ڕۆژدا، بەرپرسانی تەندروستی لەکەرتی غەززە ڕایانگەیاند، بەهۆی دوو هێرشی ئاسمانی ئیسرائیلەوە لانیکەم پێنج فەڵەستینی کوژراون.

تیمە پزیشکییەکان ئاماژەیان بەوەکردوە، دوو کەس کوژراون‌و چەند کەسێکی دیکەش برینداربون، کاتێک هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیل کۆمەڵێک خەڵکی لەنزیك "باخچەی گشتیی" لەشاری غەززە کردە ئامانج؛ ئەو ناوچەیە شوێنێکی قەرەباڵغەو ژمارەیەکی زۆر لەخێزانە ئاوارەکانی تێدا نیشتەجێیە.

هەر لەدرێژەی هێرشەکاندا، تیمە پزیشکییەکان ڕایانگەیاندوه‌، هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیل ئۆتۆمبێلێکی لەگەڕەکی (تەل ئەلهەوا) لەڕۆژئاوای شاری غەززە کردوەتە ئامانج‌و لەئەنجامدا لانیکەم سێ کەس گیانیان لەدەستداوە.