پەکەکە چەکەکانی رادەستی یەکێتی و پارتیی دەکات‌؛ بەشێک لەشەڕڤانەکانیش دەچنە ناو سوپای عێراقەوە

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 6713 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

میدیاکانی تورکیا لێکتێگەیشتنێکی نوێی نێوان ئەنقەرە، بەغدا، هەولێر و سلێمانی لەبارەی دانانی میکانیزمێک بۆ چەکدانانی پەکەکە ئاشکرادەکەن، بەپێی زانیارییەکانیش وەک ئامادەکارییەک بۆ جێبەجێکردنی "یاسای چوارچێوە" کە لەپەرلەمانی تورکیاوە دەرچوە، بڕیارە پارتی کرێکارانی کوردستان چەکەکانی رادەستی ئیدارەی هەولێر، یان ئیدارەی سلێمانی، یانیش حکومەتی عێراق بکات.


رۆژنامەی "حوڕییەت"ی نزیک لە حکومەتی تورکیا بڵاویکردوەتەوە،" ئەو لێکتێگەیشتنەی نێوان ئەنقەرە، بەغدا، هەولێر و سلێمانی بە هەماهەنگی دەزگای هەواڵگری تورکیا (میت) هاتوەتەئاراوە و بڕیارە پەکەکە چەکەکانی یان رادەستی ئیدارەی سلێمانی (یەکێتی) بکات، یانیش رادەستی ئیدارەی هەولێر (پارتی) بکات، یانیش چەکەکانی بدرێتە حکومەتی عێراق، بەو مەرجەی تۆماری هەڵگرتنی ئەو چەکانە بدرێتە دەزگای میتی تورکیا و ئاگاداری وردەکاری پرۆسەکە بێت ".

رۆژنامەی "حوڕییەت" باسی لەوەشکردوە،" لەهەمان کاتدا تورکیا چاودێری هەنگاوەکانی چۆڵکردنی بنکە و بارەگاکانی پەکەکە لەهەردوو ناوچەی هەفتانین و چیای گارا دەکات، دوای ئەوەی بە تەواوی دڵنیا دەبێتەوە لە چۆڵکردنی ئەو بارەگایانە، (میت) راپۆرتی خۆی دەداتە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا و ئەویش بڕیاری کۆتایی بونی پارتی کرێکارانی کوردستان دەردەکات ".

230 سەرکردەی پەکەکە لەسلێمانی دەمێننەوە
ئەو رۆژنامە تورکییە ئاشکراشیکردوە، دوای ئەو هەنگاوە تورکیا رێگە بە ئەندامانی پەکەکە دەدات بگەڕێنەوە وڵاتەکە، جگە لە 230 سەرکردەی قەندیل ، بەپێی زانیارییەکانیش ئەو سەرکردانەی پەکەکە لە ناوچەیەکی ئارام لە پارێزگای سلێمانی دەمێننەوە.

لەمانگی تەمموزی رابردوو ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری تورکیا (میت) سەردانی عێراقی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا، هەولێر، سلێمانی و کەرکوکیش کۆبوەوە، لەکۆبونەوەکانیشدا هەنگاوەکانی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و چەکدانانی تاوتوێکراوە.

80 هەزار ئەندامی پەکەکە دەگەڕێنەوە تورکیا
پێشبینی دەکرێت لەنێوان حەوت تا هەشت هەزار ئەندامی پەکەکە لەعێراق و سوریاوە بگەڕێنەوە تورکیا، زیاتر لە 80 هەزار کەسیش کە لەئەوروپا دەژین و هاوسۆزی پەکەکەن، رێگە بەگەڕانەوەیان بۆ تورکیا دەدرێت.

دوو هەزار شەڕڤان پەیوەندی بەسوپای عێراقەوە دەکەن
نەدیم شنەر نوسەرو رۆژنامەنوسی تورک لەرۆژنامەی "حوڕییەت" دەڵێت، لەقۆناغی داهاتودا پرۆسەی چەکدانان و چۆڵکردنی بارەگاکانی پەکەکە، شنگال و مەخمور دەگرێتەوەو پێشبینیدەکرێت زیاتر لەدوو هەزارو 200 شەڕڤان پەیوەنديی بەسوپای عێراقەوە بکەن، هەشت هەزار ئەندامی پەکەکەش کە سڤیلن، لەکەمپی مەخمورەوە دەگەڕێنەوە تورکیا.

شارپرێس زانیویەتی، ئەو شەڕڤانانەی بڕیارە پەیوەنديی بەسوپای عێراقەوە بکەن، بریتین لەشەڕڤانانى سەر بەلیوای حەشدی ئێزدی کە لەیەکینەکانی پاراستنی شنگال (یەبەشە) پێکهاتون.

بەپێی ئامارەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان، لەسەرەتای دەسپێکردنی خەباتی چەکداری لە ساڵی 1984وە تاکو بڕیاری چەکدانانیان لە 12ی ئایاری 2025، زیاتر لە 27 هەزار سەرکردە و گەریلای پەکەکە شەهیدبون.

بەگوێرەی ئامارەکانی تورکیاش، بەدرێژایی ئەو ماوەیە قوربانییەکانی هەردولا لەشەڕ و ڕوبەڕوبونەوەکاندا گەیشتوەتە 40 هەزار کەس، جیا لەوەش تورکیا بەهۆی جەنگەوە بە بڕی زیاتر لە 2.3 ترلیۆن دۆلار زیانی بەرکەوتوە.