ئەبو حوزەیفە ئەنساری مەترسیدارترین سەرکردەی داعش کوژرا

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3221 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دەزگا ئەمنییەکانی حکومەتی یەمەن بەپشتیوانی هاوپەیمانی عەرەبی، کوژرانی ئەبو حوزەیفە ئەنساری، یەکێک لەسەرکردە باڵاکان‌و وتەبێژی فەرمیی داعشیان ڕاگەیاند.


به‌گوێره‌ى ڕاگەیەندراوێکی فەرمی، هێزە تایبەتەکانی هاوپەیمانیی عەرەبیی بەهاوکاری دژەتیرۆری یەمەن، ئۆپەرسیۆنێکی تایبەتیان دژ بەئەنساری ئه‌نجامداوه‌، سەرەتا هەوڵی دەستگیرکردنی دراوە، بەڵام پرۆسەکە بەکوژرانی کۆتاییهاتوە.

دەسەڵاتدارانی یەمەن شوێنی وردی ئۆپەراسیۆنەکەیان ئاشکرانەکردوە، بەڵام جەختیانکردوه‌تەوە، هیچ زیانێک بەر خەڵکی مەدەنی نەکەوتوەو هێزە بەشداربوەکانیش پاش تەواوبونی ئەرکەکەیان لەناوچەکە کێشراونەتەوە.

ئەبو حوزەیفە ئەلئەنساری یەکێکبوو لەدیارترین ڕوخسارەکانی سەرکردایەتیی ناوەندیی داعش، ناوبراو لەئابی 2023 لەتۆمارێکی دەنگیدا کوژرانی ئەبو حوسێن حوسێنی قورەیشی ڕێبەری پێشوی داعشی ڕاگەیاندو ئەبو حەفس هاشمی قورەیشی وەک جێگرەوەی ناساند.

لەوکاتەوە وەک وتەبێژی فەرمی داعش کاریدەکردو لەچەندین پەیامی پڕوپاگەندەییدا دەرکەوتبوو، دوا پەیامی لەشوباتی ئەمساڵدا بوو کە تێیدا هێرشیکردەسەر دەسەڵاتدارانی سوریاو داوای لەچەکدارانی داعش کرد بەردەوامبن لەجەنگ.

چاودێران پێیانوایە، کوژرانی ئەنساری گورزێکی کەمەرشکێن لەدەزگای ڕاگەیاندنی داعش دەدات‌و کاریگەری لەسەر چالاکییەکانی ئه‌و گروپه‌ تیرۆریستیه‌ دەبێت.