پوتن: ڕوسیا بەرەو کۆتاییهێنان بەململانێی ئۆکرانیا هەنگاو دەنێت

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1705 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەپەراوێزی لوتکەی ڕێکخراوی هاریکاریی شانگهای لەکاتی کۆبونەوەی لەگەڵ نارێندرا مۆدی سەرۆک وەزیرانی هیندستان، ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕوسیا ڕایگه‌یاند، "مۆسکۆ بەئاراستەی کۆتاییهێنان بەململانێی ئۆکرانیا کاردەکات".


لەلایەکی دیکەوە، کۆشکی کرێملین ڕایگەیاند، پوتن‌و شی جین پینگ سەرۆکی چین، لەکۆبونەوەیەکدا لەقیرغیزستان پرسی ئۆکرانیایان تاووتوێکردووە، بەڵام ئەم بابەتە تەوەری سەرەکی کۆبونەوەکەیان نەبوە.

هاوکات لەگەڵ ئەم هەوڵە دیپلۆماسییانە، هێرشە درۆنییەکانی ڕوسیا بۆسەر کیێڤی پایتەخت‌و ناوچەکانی دەوروبەری پێنجەمین ڕۆژی لەسەریەکی تێپەڕاند، دەنگی بەردەوامی زەنگی ئاگادارکردنەوە، ژیانی ڕۆژانەی ملیۆنان کەسی پەکخستوە.

تیمور تەکاچینکۆ پارێزگاری ناوچەی کیێڤ لەڕێگەی تێلیگرامەوە ڕایگەیاندوه‌، هێرشەکانی بەرەبەیانی دوێنێ دوشەممە بونەتە هۆی برینداربونی چوار کەس‌و زیانێکی زۆریان بەچەندین کۆگا، باڵەخانەی نیشتەجێبون‌و ناوەندێکی بازرگانی گەیاندوە.

لەچەند ڕۆژی ڕابردودا، کۆمەڵە درۆنێکی زۆر کە زۆربەیان بزوێنەری جێتیان هەیە، هێرشیانکردوەتەسەر کیێڤ، بەهۆیەوە چەندین هاوڵاتی گیانیان لەدەستداوەو زیانی گەورە بەماڵ‌و موڵکی خەڵک گەیشتوە، هەروەها هێرشێکی ڕۆژی هەینی بۆسەر کۆگایەکی تەقەمەنی، بوەتە هۆی تەقینەوەیەکی گەورە کە گیانلەدەستدانی 38 کەسی لێکەوتەوە.

ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا یەکشەممەى ڕابردوو وتى، "ئامانجی ئەم هێرشە بەردەوامانەى مۆسكۆ تەنها بۆ شکاندنی ورەی گەلی ئۆکرانیایە، ڕوسیا لەماوەی تەنها چوار ڕۆژدا نزیکەی هه‌زارو 500 درۆنی ئاراستەکردوین کە زیاتر لەنیوەیان لەجۆری جێت بون".

لەباشووری وڵاتەکەش، ئۆلیه کیپەر پارێزگاری ئۆدێسا ڕایگەیاند، هێرشەکانی ڕوسیا بونەتە هۆی کەوتنەوەی ئاگرێکی گەورە لەوێستگەیەکی خزمەتگوزارییە پۆستییەکانی (نۆڤا پۆشتا) لەناوچەکەدا.