پێشمەرگەو پەکەکە؛ کارتە نوێیەکانی گروپه‌ چه‌كداره‌كان بۆ ڕادەستنەکردنی چەک

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2767 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەکاتێکدا گروپە چەکدارەکانى عێراق داوای هەڵوەشاندنەوەی پێشمەرگە دەکەن، شارەزایانی سیاسیش جەختدەکەنەوە، پێشمەرگە هێزێکی دەستوریی‌و نیشتمانییە، بەپێچەوانەی ئەو گروپانەی کە دەیانەوێت مەرج بەسەر دەوڵەتدا بسەپێنن، ئه‌كادیمیستێكى عێراقیش دەڵێت، "گروپە چەکدارەکان دەیانەوێت مێژوی نزیکی خۆیان لەبیر خەڵک بەرنەوە کە چۆن لەپێناو بەرژەوەندییەکانی تاران، هاوپەیمانی ئەو هێزانە بون کە ئێستا داوای دەرکردنیان دەکەن‌و دژیان ده‌وه‌ستنه‌وه‌".


چه‌ند سەرچاوەیه‌ك له‌وباره‌یه‌وه‌ زانیارییان ئاشكراكردوه‌و وتویانه‌، ئەو مەرجانەی گروپە چەکدارەکان بۆ ڕادەستنەکردنی چەکەکانیان خستویانەتەڕوو، دوای هەفتەیەک لەگفتوگۆ هاتوە کە لەلایەن هادی عامری سەرۆکی ڕێکخراوی بەدر، نوری مالیکی سەرۆکی هاوپه‌یماى دەوڵەتی یاساو محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی پێشوو سەرپەرشتیکراوە، ئەمریکا خەریکی لێکۆڵینەوەیە لەوەڵامی ئەم گروپانە کە بڕیاربوو لە 30ی ئەیلولدا چەکەکانیان ڕادەستبکەن، واشنتۆن پێشتریش ڕەتیکردبوەوە، دەسەڵات ڕادەستی گروپە چەکدارەکان بکرێت‌و هەڕەشەی سزای لەو لایەنانە کردبوو کە ڕێگریی لەم پڕۆسەیە دەکەن.

ئەحمەد یاسری توێژەری سیاسی نیشتەجێی ئوسترالیا پێیوایە، بژاردەکانی بەردەم گروپە چەکدارەکان لەمکاتەدا سنوردار بونەتەوە، ئەو ده‌ڵێت، "پەیامەکەی عەلی زەیدیی سەرۆک وەزیران، ڕەنگە لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە بەهەڵە تێگەیشتنی بۆکرابێت".

دەشڵێت، "زەیدیی باشیکرد کە لەمیدیاکانەوە وتی، ڕوبەڕوی گروپە چەکدارەکان نابینەوە، ڕەنگە ئەوان بەهەڵە تێگەیشتبن؛ زەیدی ڕوبەڕوتان نابێتەوە، بەڵام ئەمریکا ئه‌وكاره‌ دەکات".

بەبڕوای یاسری، هەڵوێستی حکومەتی عێراق بەواتای دەستبەرداربون لەگروپە چەکدارەکان نایەت، بەڵکو هەوڵدەدات چەترێکی سیاسییان بۆ دابینبکات تاوەکو لەبەئامانجگرتن بییانپارێزێت.

وه‌كو بۆچونى خۆى خستوه‌ته‌ڕوو ده‌ڵێت، "کێشەکە لەوەدایە کە بڕیارەکە تەنها بەدەست بەغداوە نەماوە، دۆناڵد ترەمپ بەدوای دەستکەوت‌و سەرکەوتندا دەگەڕێت، بەتایبەت دوای گۆڕانکارییەکانی سوریاو پاشەکشەی حزبوڵڵا، بۆیە هەر لێدانێک لەگروپە چەکدارەکانی عێراق، وەک دەستکەوتێکی ترەمپ بەرامبەر ئێران هەژماردەکرێت".

لەناوەڕاستی ئەم گرژییانەدا، سەرکردە شیعەکان هەوڵیاندا جەختبکەنەوە کە ناکۆکییەکان نابنە شەڕی ناوخۆ، له‌و ڕوه‌شه‌وه‌ هادی عامری ڕایگەیاند، "بۆ هەموانی مسۆگەر دەکەم کە بەهیچ شێوەیەک پێکدادان لەنێوان دەوڵەت‌و به‌ره‌ى مقاوه‌مه‌دا ڕونادات".

عامری لەبری دەستەواژەی داماڵینی چەک، زاراوەی ڕێکخستنی چەک-ی بەکارهێنا، کە وەک هەوڵێک دەبینرێت بۆ کەمکردنەوەی هەستیاریی بابەتەکە.

ئه‌گه‌رچى چاودێران بۆچونیان وایه‌، وردە وردە وادەی 30ی ئەیلول بۆ داماڵینی چەک پاشەکشەی لێکراوه‌، به‌ڵام لەبەرامبەردا، گروپە چەکدارەکان مەرجگەلێکیان داناوە کە لەپرسی چەک تێپەڕ دەبێت، بۆ نمونه‌ کەتائیبی (سەیدولشوهەدا) 10 مەرجی داناوە، لەوانە: کشانەوەی تەواوەتی هێزەکانی ئەمریکا، دەرکردنی پەکەکەو ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی، هەڵوەشاندنەوەی پێشمەرگەو دەرکردنی هێزەکانی تورکیا.

غازی فەیسەڵ دیپلۆماتکاری پێشوو، سەرسامی خۆی نیشاندەدات کە گروپە چەکدارەکان مەرج بۆ دەوڵەت دادەنێن، ئەو دەڵێت، "لەهیچ شوێنێکی جیهاندا گروپه‌كان مەرج بەسەر دەوڵەتدا ناسەپێنن، پێویستە ئەم گروپانە ڕێز لەدەوڵەت بگرن".

فەیسەڵ پێیوایە، ئەم مەرجانە ڕەنگدانەوەی ستراتیژی ئێرانییە بۆ گۆڕینی عێراق بۆ "مەیدانی جەنگی سەربازیی‌و سیاسیی‌و ئابوریی" لەململانێی نێوان تاران‌و واشنتۆن.

ئەحمەد یاسری باس له‌وه‌شده‌كات، باسی چەک، کێشەیەکی قووڵتری گروپە چەکدارەکانی شاردوەتەوە، ئەویش پاشەکشەی پشتگیری جەماوەرییە، دەشڵێت، "ئیتر کەس پشتگیریی گوتاری ئەوان ناکات، خەڵک دەترسن عێراق پەلکێشی شەڕێکی ئەمریکی-ئیسرائیلی بکرێت".

یاسری هێنانە ناوەوەی پرسی پێشمەرگە وەک "تێکەڵکردنی کارتەکان" دەبینێت بۆ پەیداکردنی شەرعیەت، ئەو جەختدەکاتەوە، پێشمەرگە هێزێکی دەستورییەو وەک گروپە چەکدارەکان هەڕەشەنین بۆسەر ئاسایشی نەتەوەیی یان ژێرخانی دەوڵەت.

محەمەد نەعناع ئەکادیمیستی عێراقی، ئاماژە بەوەدەکات، ئەو گروپانەی ئەمڕۆ داوای دەرکردنی پەکەکە دەکەن، پێشتر پشتگیرییان لێدەکردن، وەک ئەوەی لەساڵی 2021 لەشنگال ڕویدا کاتێک دژی سوپای عێراق وەستانەوە.

ئێستا گروپە چەکدارەکان بەهێنانە پێشەوەی پرسی پەکەکەو پێشمەرگەو تورکیا، دەیانەوێت دۆسیە کۆنەکان بکەنەوە بۆ ئەوەی دۆسیەی چەکی خۆیان لەناو دەوڵەتدا دابخەن.

غازی فەیسەڵ هۆشداریدەدات، "ئەم ڕێچکەیە دەبێتە هۆی دۆخێکی کارەساتبارو عێراق بەرەو شەڕی بەردەوام دەبات، پێشیوایە گروپە چەکدارەکان دەیانەوێت وەک دەوڵەتێک لەناو دەوڵەتدا ڕەفتاربکەن‌و سیاسەتی ناوخۆیی‌و دەرەکی وڵات دیاریی بکەن، ئەمەش دژ بەدەستورە".