شارپرێس:
دان دریسکۆڵ وەزیری سوپای ئەمریکا، دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەشی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا کرد، ئەم هەنگاوە دوای چەند مانگێک لەناکۆکیی بەردەوام لەگەڵ بیت هیگسیت وەزیری بەرگریی ئەمریکا دێت کە پەیوەستبوو بەپرسی نوێکردنەوەی سوپا، ئاستی ئامادەییو دورخستنەوەی ژمارەیەک لەفەرماندە باڵاکان، لەکاتێکدا بەرپرسێکی ئەمریکی ئاشکرایکردوە، هێشتا کۆشکی سپی دەستلەکارکێشانەوەکەی قبوڵنەکردوە، بەڵام چاوەڕواندەکرێت لەچەند ڕۆژی داهاتودا دریسکۆڵ پێنتاگۆن جێبهێڵێت.
ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ یەکەمین میدیا بوو کە هەواڵی دەستلەکارکێشانەوەکەی بڵاوکردەوە، دواتر میدیاکانی دیكهى ئەمریکا ئهمڕۆ سێشەممە هەواڵەکەیان پشتڕاستکردەوە، بەرپرسێکی باڵا بەتۆڕی "فۆکس نیوز"ی وتوه، دریسکۆڵ داواکەی پێشکەشکردوە، بەڵام تائێستا لەلایەن کۆشکی سپییەوە هەڵپەسێردراوە.
ئانا کێڵی وتەبێژی کۆشکی سپی ڕایگەیاند، "وەزیر دریسکۆڵ زۆر کارابوە لەبرەودان بەئەجێندای سەرۆک ترەمپ"، ئاماژەی بەڕۆڵی ناوبراو کرد لەبەرزکردنەوەی ئامادەیی سەربازییو دانوستانەکانی نێوان ڕوسیاو ئۆکرانیا.
دهستلهكاركێشانهوهى دریسکۆڵ لەپۆستەکەی چاوەڕوانکراو بوو؛ بهگوێرهى سەرچاوەکان بۆ تۆڕی CNN، دریسکۆڵ لەنامەی دەستلەکارکێشانەوەکەیدا نیگەرانیی خۆی دەربڕیوە سەبارەت بەتێڕوانینی ئیدارەکە بۆ پڕۆسەی گۆڕانکارییو ئامادەیی لەسوپای ئەمریکادا، بەتایبەت ڕەخنەی لەوەزیری بەرگری (هیگسیت) گرتوە کە ڕێگریی لەو هەوڵانە کردوە لەڕێگەی دورخستنەوەی ئەو ژەنەراڵانەی بەرپرسیاربون لەو پڕۆسەیە.
دریسکۆڵ گرنگییەکی زۆری بەنوێکردنەوەی تواناکانی سوپاو بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای درۆن دابوو، تائەو ئاستەی دۆناڵد ترەمپ بەپیاوی درۆنەکان ناوی دەبرد.
سهرچاوهكان باسیان لهوهكردوه، خاڵی هەرە گەورەی گرژییەکان کاتێک دەستیپێکرد کە لەنیسانی ڕابردودا وەزیری بەرگری بڕیاری دورخستنەوەی ژەنەراڵ ڕاندی جۆرج سەرۆک ئەرکانی سوپایدا کە هاوکارێکی نزیکی دریسکۆڵ بوو، دواتر گۆڕانکارییەکان فراوانتربونو ژەنەراڵ کریستۆفەر دۆناهیۆ فەرماندەی سوپای ئەمریکا لەئەوروپاو ئەفریقیا، هەفتەی ڕابردوو بەفەرمی خانەنشین بوو.
هەروەها ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوەشدەکەن، پەیوەندییە کەسییەکانی نێوان دریسکۆڵو جەی دی ڤانس جێگری سەرۆک (کە هاوپۆلی زانکۆو هاوڕێی نزیکن)، بوەتە هۆی بێزاریی هیگسیت، چونکە وەزیری بەرگریی وای بینیوە دریسکۆڵ دەیەوێت لەڕێگەی ئەو پەیوەندییەوە پۆستەکەی ئەو تێپەڕێنێتو ڕاستەوخۆ لەگەڵ کۆشکی سپی کاربکات.
دان دریسکۆڵ کێیە؟
دریسکۆڵ جەنگاوەرێکی کۆنی شەڕی عێراقەو لەشوباتی 2025 پۆستی وەزیری سوپای وەرگرت، ئەو بەگەنجترین کەس دادەنرێت کە لەمێژوی ویلایەتەیەکگرتوەکاندا ئەو پۆستەی وەرگرتبێت.
ئەم دەستلەکارکێشانەوەیە لەکاتێکی هەستیاردا دێت کە ئەمریکا لەجەنگدایە دژی ئێرانو گۆڕانکاریی گەورە لەسەرکردایەتییە سەربازییەکاندا ڕودەدات، ئەگەر دەستلەکارکێشانەوەکەی پەسەندبکرێت، سوپای ئەمریکا بەبێ سەرکردەیەکی مەدەنیی هەمیشەیی دەمێنێتەوە، لەکاتێکدا هێشتا شوێنگرەوەیەک بۆ سەرۆک ئەرکانی سوپاش دیارینەکراوە.