شایستەیی تاک لە بواری یاسا

هەمەڕەنگ

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 58 جار خوێندراوه‌ته‌وه

بەسمە بەدران جاف

یەکسانیی تاکەکان لەبەردەم یاسادا بە مانای ئەوە نییە کە هەموو تاکەکان، بەبێ جیاوازی، لە ڕووی شایستەیی و تواناکانەوە دەتوانن هەمان پۆست و نازناوی یاسایی هەڵبگرن. یاسا لە بنەڕەتدا مافی هەموو تاکەکان دەپارێزێت، بەڵام کارکردن لە بواری یاسا و هەڵگرتنی نازناوە یاساییەکان پێویستی بە شایستەیی، زانست، ئەخلاقی پیشەیی و توانای ئەنجامدانی ئەو ئەرکە هەیە. لەبەر ئەوە، دەبێت جیاوازی بکرێت لە نێوان مافی تاک بۆ یەکسانی لەبەردەم یاسا و شایستەیی تاک بۆ هەڵگرتنی پۆست و نازناوی یاسایی. هەموو تاکەکان دەبێت لەبەردەم یاسادا بە یەکسانی مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت، بەڵام ئەمە بە مانای ئەوە نییە کە هەموو کەسێک بە یەک شێوە شایستەی ئەنجامدانی هەموو ئەرکێکی یاساییە.

بۆ نموونە، نازناوی وەک دادوەر، پارێزەر، داواکاری گشتی یان هەر پیشە و پۆستێکی یاسایی، تەنها ناوێک نییە؛ بەڵکو لەگەڵ خۆیدا بەرپرسیارییەکی گەورەی یاسایی و ئەخلاقی هەیە. ئەو کەسەی ئەم نازناوە هەڵدەگرێت، لە ڕاستیدا متمانەی تاک و کۆمەڵگەی پێ دەسپێردرێت. لەبەر ئەمە، ئەگەر تاکێک زانست و توانای پێویستی بۆ ئەنجامدانی ئەرکە یاساییەکەی نەبێت، یان پابەندییە ئەخلاقی و پیشەییەکانی ئەو بواریە جێبەجێ نەکات، ئەوا پرسیاری شایستەیی ئەو تاکە بۆ هەڵگرتنی ئەو نازناوە دێتە پێشەوە. ئەمە ناکرێت بە نایەکسانی لەبەردەم یاسا لێک بدرێتەوە، بەڵکو دەتوانێت بە شێوەیەکی یاسایی بە مەرج و ستانداردەکانی شایستەیی و پاراستنی بەرژەوەندیی گشتی پەیوەست بێت. لە ڕاستیدا، ئەگەر یاسا بە شێوەیەکی زۆر فراوان «یەکسانی» بەکاربهێنێت و جیاوازیی نێوان کەسێکی شایستە و کەسێکی ناشایست لە بواری یاسادا نەکات، ئەوا خۆی یەکێک لە ئامانجەکانی دادپەروەری دەخاتە مەترسییەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، دادپەروەری تەنها بە بوونی یاساییەکی زبر و تووند بە دەست نایەت، بەڵکو ڕۆڵبینینی کەسەکە لە چوارچێوەی یاسایی بە دەست دێت.

لە هەمان کاتدا، پێویستە خاڵێکی تر ئاماژە پێ بکەین. ئەگەر بێین بە وردی سەیری ژیانی ڕۆژانەی تاکەکان بکەین، لە سەردەمی ئێستادا زۆرێک لە تاکەکان دەزانن کە یاسا بۆ پاراستنی مافەکانیان هەیە و هەر کەسێک دەتوانێت بە ڕێگای یاسایی داوای مافەکانی خۆی بکات. بۆ نموونە، دەتوانێت ببێتە (داواکەر، سکاڵاکەر، دادوەر، پارێزەر یان داواکارێکی گشتی)، بەڵام توانای ناسین و بەکارهێنانی یاسا لە هەموو تاکەکاندا بە یەک شێوە نییە. کەسێک کە خوێندەوارە، توانای دارایی هەیە، زانیاریی یاساییی باشی هەیە و دەستی بە پارێزەر و دامەزراوە یاساییەکان دەگات، زۆرجار توانای زیاتر هەیە بۆ پاراستنی مافەکانی خۆی. لە بەرامبەردا، تاکێک کە زانیاریی یاساییی کەمە، توانای داراییی سنوورداری هەیە یان ناتوانێت بە ئاسانی دەست بە دامەزراوەکانی دادپەروەری بگات، ڕەنگە هەمان مافە یاسایییەکانی هەبێت، بەڵام توانای بەکارهێنانی ئەو مافانەی کەمتر بێت. لێرەدا، جیاوازییەکی گرنگ لە نێوان «یەکسانی لەبەردەم یاسا» و «یەکسانی لە دەستگەیشتن بە دادپەروەری» دەردەکەوێت. ئەم کێشەیە لە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا دەتوانێت ببێتە هۆی دروستبوونی جیاوازییەکی شاراوە لە نێوان تاکەکان، چونکە هەموو کەسێک لە ڕووی یاساییەوە مافی یەکسانی هەیە، بەڵام هەموو کەسێک هەمان توانای بەکارهێنانی ئەو مافە نییە.

بواری یاسا، بە تایبەتی، پیشەیەکی (هەستیارە)، چونکە ئەو کەسانەی لەم بوارەدا کار دەکەن، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ماف، ئازادی، سامان، ژیانی کەسی و چارەنووسی تاکەکان پەیوەندیدارن. پارێزەرێک کە بەرگری لە مافەکانی کەسێک دەکات، دادوەرێک کە بڕیار لەسەر چارەنووسی کەسێک دەدات، یان داواکاری گشتییەک کە نوێنەرایەتی بەرژەوەندیی گشتی دەکات، تەنها ناوێکی پیشەیی هەڵناگرێت، بەڵکو بەرپرسیارییەکی گەورەی یاسایی و ئەخلاقی لە ئەستۆ دەگرێ. بۆیە، بەو هیوایەم کە تەنها فەخر بە بڕوانامەی کۆلێژی یاسا نەکەی، بەڵکو بتوانی بەرجەستەی بکەی. لە کۆتاییدا، پیشەییەکی تاکەکەسی نییە و پەیوەندی بە هەموو کۆمەڵگاوە هەیە.