عێراق لەبارەی نەوتەوە داوایەك لەهەرێم دەكات

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2343 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
عێراق دەیەوێت بەپلان بەرهەمهێنانی نەوت بگەیێنێتە 10 ملیۆن بەرمیل لەڕۆژێکداو لەبارەی هەرێمیشەوە، عەلی زەیدیی ڕایگەیاند، دۆخەكە پێویستی بەوەیە بەرهەمهێنانی نەوت لەهەرێمی کوردستان زیاد بکرێت.


عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەکۆبونەوەیەکدا لەبەغدا ڕایگەیاند، پێویستە بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق تاوەکو ساڵی 2030 بگاتە نزیکەی 10 ملیۆن بەرمیل لەڕۆژێکدا. بۆ ئەم مەبەستەش ڕێنماییدا بەزیادکردنی بڕی بەرهەمهێنان لەکێڵگەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان.

سەرۆک وەزیرانی عێراق سەرۆکایەتیی کۆبونەوەیەکی ستافی باڵای وەزارەتی نەوتی کرد بەئامادەبونی وەزیرانی دارایی و نەوت، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پلانی ستراتیژیی گەشەپێدان و زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ ساڵانی 2027-2030.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی نوسینگەکەی، زەیدی پێداچونەوەی بەوردەکارییەکانی ئەو پلانەدا کرد کە پێشتر ڕێنمایی ئامادەکردنی دابوو.

سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختی لەوە کردەوە، دەبێت بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق لەگەڵ قەبارەی یەدەگ و دانیشتوانەکەی بگونجێت تاوەکو پێداویستییەکانی گەشەپێدان دابین بکات.
لەم چوارچێوەیەدا، پێداگری لەسەر نۆژەنکردنەوەی ژێرخان و تواناکانی هەناردەکردن کرد بۆ ئەوەی لەگەڵ زیادبونی چاوەڕوانکراوی بەرهەمهێناندا بگونجێت.

سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕێنماییدا بەزیادکردنی بەرهەمهێنان لەکێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان و فراوانکردنی کێڵگە نوێیەکانی گەڕان بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی پلانەکە.

سەرۆک وەزیرانی عێراق هەروەها ڕێنمایی بەبەکارهێنانی تەواوەتیی گازی هاوەڵدا بۆ دابینکردنی پێداویستیی ناوخۆیی و کەمکردنەوەی بەفیڕۆدان، تاوەکو وڵاتەکە لەهاوردەکردنی گاز پێویستی بەشوێنی دیکە نەبێت.

سەرۆک وەزیرانی عێراق وەزارەتی نەوتی ڕاسپارد بۆ ئامادەکاریی سازدانی کۆنفڕانسێکی بەرفراوان کە گەورەترین کۆمپانیا نەوتییەکانی جیهانی بۆ بانگهێشت بکرێت، بەمەبەستی واژۆکردنی گرێبەست لەپێناو ڕاکێشانی وەبەرهێنان و تەکنەلۆژیای جیهانی بۆ پرۆژەکانی گەڕان، بەرهەمهێنان، گەشەپێدان و هەناردەکردنی نەوت، بەو شێوەیەی کە پێگەی عێراق لەبازاڕی وزەی جیهانیدا بەهێز بکات.