هەنگاوەکانی "بریکس" بۆ دامەزراندنی سیستەمێکی دارایی جیا لە "سویفت" پێشکەوتن بەخۆوە دەبینێت

هەمەڕەنگ

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 99 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەکۆبونەوەی بریکس لەهیندستان، ڕێککەوتنێکی گرنگ بۆ پەرەپێدانی سیستەمی نوێی پارەدان لە نێوان وڵاتانی ئەندامی گرووپەکە واژۆ کرا. ئەم سیستەمە بە ناوی "بریکس پەی" ناسراوە و نزیکەی 10 ساڵە گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، بەڵام ئێستا بەرەو قۆناغی جێبەجێکردنی کرداری دەچێت.


بەپێی ڕاپۆرتێکی رۆژنامەی"فزگلیاد"ی رووسی، سندووقی وەبەرهێنانی ڕاستەوخۆی ڕووسیا و کۆمپانیای "BRICS Pay India" ڕێککەوتوون هاوکاریی بکەن بۆ گەشەپێدانی ئەم سیستەمە لە هیندستان و دامەزراندنی خزمەتگوزارییەکانی پارەدانی سنووربەزێن لە نێوان وڵاتانی بریکس.

شارەزایان دەڵێن ئامادەیی تەکنیکیی سیستەمەکە هێشتا لە ئاستێکی مامناوەنددایە. واتە پرۆژەکە تەنها تاقیکردنەوەیەکی سەرەتایی نییە، بەڵام هێشتا بۆ کارکردنی تەواو ئامادە نەکراوە. لە ئێستادا، گفتوگۆی چڕ لەسەر شێوازی کارکردنی سیستەمەکە بەردەوامە و ژمارەیەک ڕێککەوتن لە نێوان وەزارەتەکانی دارایی و بانکە ناوەندییەکان بەدەستهاتووە.

ئەلیکساندەر مالینین، دامەزرێنەری هاوبەشی ناوەندی کارلێک و هاوکاریی نێودەوڵەتی، دەڵێت پرۆسەکە ئاڵۆز و فراوانە، بەڵام ئاراستەکە بەرەو دروستکردنی سیستەمێکی سەربەخۆی پارەدانە کە پشت بە سویفت و دۆلار نەبەستێت.

بەپێی وتەکانی ئەو، بریکس پەی نابێتە هۆی لابردنی سیستەمی کۆن، بەڵکو هەڵبژاردەیەکی جێگرەوە پێشکەش دەکات و یارمەتیی وڵاتەکان دەدات ئابووریی و بازرگانیی دەرەکیی خۆیان جۆراوجۆر بکەن.