نەمسا قەدەغەکردنی باڵاپۆشی بۆ کچانی ژێر 14 ساڵ لەقوتابخانەکان جێبەجێ دەکات

جیهان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 113 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەگەڵ دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندندا، نەمسا ڕووبەڕووی ئەزموونێکی سیاسی و یاسایی نوێ بۆتەوە بەجێبەجێکردنی یاسای قەدەغەکردنی باڵاپۆشی (حیجاب) بۆ کچانی ژێر تەمەنی 14 ساڵ لە قوتابخانە حکومی و تایبەتەکاندا.

بەپێی هەموارکردنەوەی یاسای خوێندن، جێبەجێکردنی بڕیارەکە بە شێوازێکی پلەبەند دەبێت؛ سەرەتا بە ئامۆژگاری مامۆستا دەستپێدەکات، پاشان ئەنجامدانی کۆبوونەوە لەگەڵ کەسایەتیی و خێزانی قوتابییەکە، و لە حاڵەتی ڕەتکردنەوەی بەردەوامدا کەسەکە دەبرێتە بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردە و سزای دارایی بەبڕی 150 تا 800 یۆرۆ بەسەر خێزانەکەیدا دەسەپێندرێت.

حکومەتی نەمسا بڕیارەکەی بە پاراستنی مافی منداڵان و ڕێگری لە فشاری کۆمەڵایەتیی و خێزانیی ناوبردوە. ئەم هەنگاوە ڕووبەڕووی هۆشداریی مامۆستایان، ناڕەزایەتیی ڕەوەندی موسڵمانان و ئەگەری پەڵپگرتنی یاسایی لە دادگای دەستووری بۆتەوە.

شایەنی باسە، لە ساڵی 2019دا یاسایەکی هاوشێوە بۆ کچانی ژێر 10 ساڵ دەرکرا، بەڵام لە ساڵی 2020دا دادگای دەستووریی هەڵیوەشاندەوە بەهۆی ناکۆکی لەگەڵ بنەمای یەکسانیی و ئازادی ئایینی. ئەم هەنگاوەی نەمسا بە یەکەم ئەزموونی ئەوروپی دادەنرێت کە قەدەغەکردنی باڵاپۆشی دەبەستێتەوە بە تەمەنێکی دیاریکراوەوە لەناو پۆلەکاندا.