شارپرێس:
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "فاینانشاڵ تایمز"، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ یەکەمجار دانی بەوەدا ناوە کە خاوەنی جبەخانەی سەربازییە لە خولگەی زەویدا و توانای ڕووبەڕووبوونەوەی "کردەوە دوژمنکارییەکان"ی هەیە.
ترۆی مینک، وەزیری هێزە ئاسمانییەکانی ئەمریکا، لەمیانی کۆنفرانسی کۆمەڵەی هێزە ئاسمانیی و گەردوونییەکان لە ویلایەتی ماریلاند ڕایگەیاند کە واشنتۆن ئێستا خاوەنی چەکی پێشکەوتووە بۆ "کۆنترۆڵکردنی بۆشایی ئاسمان" کە توانای بەرگریکردنیان لە هێزە هاوبەشەکانی ئەمریکا هەیە.
مینک جەختی لەوە کردەوە کە ئاماژەنەدان بە وردەکاریی ئەم چەکانە بەشێکە لە ستراتیژیی ڕاگرتنی هاوسەنگی و ترساندنی دوژمنان، چونکە ئاشکراکردنی زیاتر خزمەت بە ئامانجە ئاسایشییەکان ناکات.
ئەم ڕاگەیاندنە لەگەڵ هەوڵەکانی ئیدارەی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ بۆ پەرەپێدانی سیستمی بەرگریی مووشەکیی "گومەزی زێڕین" هاوكاتە. مینک ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەمریکا ئامێری ئامادەکراوی بۆ فڕین هەیە بۆ ڕێگری لە مووشەکەکان لە بۆشایی ئاسمانەوە، بە مەبەستی پەکخستنیان لە دەرەوەی بەرگەهەوادا.
لە لایەکی ترەوە، شارەزایانی ئاسایشی بۆشایی ئاسمان نیگەرانییان دەربڕیوە کە ئەم کارەی ئەمریکا وڵاتانی دیکە هان دەدات بەرنامە سەربازییە ئاسمانییەکانیان بەرفراوانتر بکەن.
کلایتۆن سۆپ لە ناوەندی لێکۆڵینەوە ستراتیژی و نێودەوڵەتییەکان پێی وابوە لێدوانەکان ئەوەندە تەمومژاوین ناتوانن بنەمایەکی ڕوون بێننە ئاراوە بۆ ڕاگرتنی ڕووسیا و چین.
هەروەها ویکتۆریا سامسۆن لە دامەزراوەی "سیکیور وۆرلد" پێشبینی کرد کە ئەم چەکە سیستمی شڵەژاندنی شەپۆلەکان (تەشویش) بێت لە بۆشایی ئاسمانەوە، چونکە واشنتۆن بەپێی سیاسەتەکانی خۆی ڕێگە بە بەکارهێنانی چەکگەلێک نادات کە ببێتە هۆی دروستبوونی پاشماوەی وێرانکەر لە خولگەدا، و هۆشداریشی دا کە ئەم هەنگاوە ڕەنگە کاردانەوەی پێچەوانەی چین و ڕووسیای لێ بکەوێتەوە.