شارپرێس:
پەرلەمانی عێراق تەواوبونی قۆناغی یەکەمی جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدای لەدەروازە سنوورییەکان ڕاگەیاندو ئاشكرایكرد، لەم مانگەوە قۆناغی دوەم دەستپێدەكات.
سەلوان تەها، ئەندامی لیژنەی دەروازە سنورییەکان و پاراستنی بەرهەمی نیشتمانی لەپەرلەمانی عێراق بەڕۆژنامەی فەرمیی عێراقی ڕاگەیاندوە، قۆناغی یەکەمی جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا تەواوبوەو ئامادەکاری بۆ قۆناغی دوەم دەکرێت.
دەشڵێت، پرۆژەی چاکسازیی گومرگی و نوێکردنەوەی بەهاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ بازرگانی و گەشەپێدان (یونکتاد) جێبەجێ دەکرێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، قۆناغی یەکەمی سیستمی ئەسیکۆدا بەتەواوی جێبەجێکراوەو لەئێستادا لەدەروازە سنورییەکانی عێراق کاری پێدەکرێت و ئەوەشی ئاشكراكرد، كە ئامادەکاری و کارەکان بەردەوامن بۆ ئەوەی لەکۆتایی ئەمساڵدا قۆناغی دوەمی سیستمەکە بەتەواوی بخرێتەکار.
هاوكات، ئەندامەكەی پەرلەمانی عێراق ئەوی ڕونكردەوە كە قۆناغی دوەمی سیستمی ئەسیکۆدا خۆی لەئیدارەدانی مەترسییەکان و چاودێریی ئەلیکترۆنیدا دەبینێتەوە، کە ئامانج لێی بەردەوامیدانە بە پەرەپێدانی ژێرخانی دیجیتاڵی لەدەروازە سنورییەکاندا بەگوێرەی ڕێککەوتنی نێوان عێراق و ڕێکخراوی یونکتاد.
