شارپرێس:
شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی بەفەرمیی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی ڕاگەیاندو دەڵێت، بەهەموو جیهان ڕادەگەیەنین کە پرۆسەی یەکگرتنەوەی پێشمەرگە کۆتاییهات".
وەزیری پێشمەرگە ڕاشیگەیاند، بەئیرادەیەکی نیشتمانییەوە پرۆسەی چاکسازی و یەکگرتنەوەمان دەستپێکرد، توانیمان تەواوی بەربەستەکان تێپەڕێنین و سەرکەوتنێکی مێژویی بۆ گەلەکەمان تۆمار بکەین".
شۆڕش ئیسماعیل ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، کە یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە دەستکەوتی نەتەوەیەکەو شانازیی پێوە دەکەن، هاوکات هۆشداریشی دا کە ناحەزانی ئەم دەستکەوتەی گەلی کورد زۆرن".
لەکۆتایی وتارەکەیدا، وەزیری پێشمەرگە باسی لەڕۆڵی سەرکردایەتیی سیاسی لە سەرخستنی پرۆسەکەدا کرد و ئاشکرایکرد، هەریەک لەمەسعود بارزانی و بافڵ تاڵەبانی پشتیوانییەکی گەورەی یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە بون، لەهەمان کاتدا سوپاسی پشتیوانییە بەردەوام و نەبڕاوەکانی سەرۆکی هەرێم، سەرۆکی حکومەت و جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد لەسەرپێخستن و بەئەنجامگەیاندنی ئەم دەستکەوتە نیشتمانییەدا.