تۆڕێكی ساختەكاری زەویوزار دەستگیردەكرێت

عیراق

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 268 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دەستەی دەستپاکی عێراق ڕایگەیاند، هەشت فەرمانبەریان لەبەڕێوەبەرایەتییەکانی شارەوانیی عەمارەو تۆماری خانوبەرە لەپارێزگای میسان دەستگیرکردوە، کە تێوەگلاون لەساختەکردنی 120 مامەڵەی تەرخانکردنی پارچە زەویدا.


دەستەی دەستپاکی عێراق لەڕاگەیێنراوێکدا ڕایگەیاند، تیمێکی لێکۆڵینەوە و وردبینی لە نووسینگەی لێکۆڵینەوەی میسان سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی شارەوانیی عەمارەو تۆماری خانوبەرە لەپارێزگای میسان کردوەو لەچوارچێوەی وردبینیکردن توانیانە دەستنیشانی 120 مامەڵەی نائاسایی و گوماناوی زەوی بکەن.  

لەچوارچێوەی زیاتری وردبینەکەی دەستەی دەستپاکی، دیاریکراوە حاڵەتەکانی تەزویر و یاریپێکردن لەمامەڵەی فرۆشتنی زەوییەکاندا کراوە و زەوییەکان لەڕێگەی مەزادی ئاشکراوە فرۆشراون، دوابەدوای ئەوەش دەستەکە توانیویانە هەشت فەرمانبەری هەردوو بەڕێوەبەرایەتییەکە دەستگیر بکەن.

دەستپاکی ڕونی کردەوە، لەکاتێكدا تۆمەتباران ئەو مامەڵەی زەوییە تەزویرانەیان کردوە، هیچ داهاتییەکیان بۆ بەڕێوەبەرایەتیی تۆماری خانوبەرەی پارێزگاکە نەبوە، بەڵکو بۆ سودی کەسی خۆیان بەکاریان هێناوە.

دادوەری لێکۆڵینەوە بڕیاری دا بەبەندکردنی تۆمەتباران و دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ چەند تۆمەتبارێکی دیکەی هەمان دۆسییە.