ئیسرائیل دەستیکرد بەداخستنی کونسوڵخانەی گشتیی بەریتانیا لەقودس

جیهان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1473 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەشەوی چوارشەممە لەسەر پێنجشەممە، تابلۆکانی کونسوڵخانەی بەریتانیا لەقودسی ڕۆژهەڵات لابران، لەگەڵ تەواوبونی ئەو ماوەیەی ئیسرائیل بۆ داخستنی نوسینگەکەو دەرکردنی دیپلۆماتە بەریتانییەکان دیاریکردبوو؛ ئەو هەناگوە قەیرانی دیپلۆماسیی نێوان دوو وڵاتەکەی قوڵتر کردوه‌تەوە.


به‌گوێره‌ى ڕاپۆرتی ئاژانسی ڕۆیتەرز، ئەمرۆ پێنجشەممە کرێکاران بینراون کە تابلۆی "کونسوڵخانەی گشتیی بەریتانیا"و تابلۆی بەشی کۆنسوڵی لادەبەن، بەڵام ئاڵای بەریتانیا لەسەر بیناکە هەر بەرزکراوەتەوە، هێشتا ڕون نییە ئەم هەنگاوە بەمانای وەستاندنی تەواوی چالاکییەکانی کۆنسوڵخانەکەیە یان نا.

ئیسرائیل پێشتر 30 ڕۆژی بۆ بەریتانیا دانابوو بۆ داخستنی کونسوڵخانەکە لەقودسی ڕۆژهەڵات‌و دەرکردنی دیپلۆماتەکانی، وەک وەڵامێک بۆ بڕیاری لەندەن بۆ دانانی سزا لەسەر کۆمەڵگە جولەکەنشینەکان لەکەرتی ڕۆژئاوا، سزاکانی بەریتانیا قەدەغەکردنی بازرگانیی لەگەڵ بەرهەمە دروستکراوەکان لەو کۆمەڵگه‌یانە لەخۆدەگرێت کە نەتەوەیەکگرتوەکان‌و زۆربەی وڵاتانی جیهان بەنایاسایی دادەنێن.

لەنوێترین گۆڕانکارییەکانی قەیرانەکەدا، گیدعۆن ساعەر وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، ڕایگەیاند، کۆنسوڵخانەی بەریتانیا بەشێوەی پێشوی کارەکانی کۆتایی پێدەهێنێت، بەگوێرەی وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل، کونسوڵی گشتیی بەریتانیاو 20 دیپلۆمات قودس جێدەهێڵن، بەڵام کونسوڵخانەکە بەتیمێکی تەنها حه‌وت کارمەندەوە بەشێوەی سنوردار بەردەوامدەبێت.

بونی کونسوڵی بەریتانیا لەقودس نزیکەی 200 ساڵە، پێش دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل لەساڵی 1948، کونسوڵخانەکە لەگەڕەکی شێخ جەراحەو پەیوەندییەکانی بەریتانیا لەگەڵ فەڵەستینییەکان لەقودس، کەرتی ڕۆژئاواو غەززە بەڕێوەدەبات، بڕیاری ئیسرائیل کونسوڵخانەکە دەگرێتەوە، بەڵام کاریگەرییەکەی بۆ باڵیۆزخانەی بەریتانیا لەتەلئەبیب نییە.

لەلایەکی دیكه‌وه‌، ڕۆیتەرز ئاماژەی بەوەکردوە، بەریتانیا لەهەڵسەنگاندنی هەنگاوی داهاتودایە، لەوانەش دەرکردنی دیپلۆماتە ئیسرائیلییەکان لەباڵیۆزخانەی ئیسرائیل لەلەندەن، ئەگەر ئەم هەنگاوە بکرێت، دەتوانێت ببێتە هۆی قوڵتربونی قەیرانێکی دیپلۆماسیی نائاسایی لەنێوان دوو وڵاتەکەدا.