ئێران و ئەمریکا لەسەر باڵادەستیی لە گەروی هورمز لێدوانی جیاواز دەدەن

جیهان

49 خولەک پێش ئێستا‌ 84 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا، کە چاودێریی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ناوچەکە دەکات، لە پلاتفۆرمی "X" ڕایگەیاند: "ئەمریکا و هاوبەشە ناوچەییەکانی بە ڕونی کۆنترۆڵی گەروەکە دەکەن".

ئەم فەرماندەییە هەروەک ئاماژەی بەوەکردووە کە بانگەشەی ژەنەڕاڵێکی سوپای پاسداران کە گەروی هورمز داخراوە و ئێران بە تەواوی کۆنترۆڵی دەکات، دروست نییە.

گەروی هورمز لەکاتی دەستپێکردنی جەنگ لە کۆتایی مانگی شوباتەوە، بۆتە خاڵێکی سەرەکیی گرژیی نێوان ئەمریکا و ئێران، ئێران بە هەڕەشە و هێرشکردنە سەر کەشتییەکان، هاتوچۆی دەریایی لە گەروەکەدا تا ڕادەیەکی زۆر سنوردار کردوە؛ ئەو گەروە ڕێڕەوێکی سەرەکیی جیهانییە بۆ گواستنەوەی نەوت، گاز و بەڕێوەبردنی وزە.

هەروەک هێزەکانی ئەمریکا هێرشیان کردۆتە سەر کەشتییە مەدەنییە ئێرانییەکان و گەمارۆیەکی دەریاییان لەسەر کەشتییە هاتوچۆکانی بەرەو بەندەرە ئێرانییەکان یان لەوێوە دەرچون داناوە.

 تێکچونی هاتوچۆ لە یەکێک لە گرنگترین ڕێڕەوەکانی بازرگانیی وزە لە جیهان، بۆتە هۆی بەرزبونەوەی نرخی نەوت.

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا دەڵێت هاتوچۆ لە گەروی هورمز ئێستا بەردەوامە و کەلوپەل و پێداویستییەکانی وزە، لەوانە 20 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو، بە ڕێڕەوەکەدا دەگوازرێنەوە.

 پێش جەنگ، شیکەرەوەکان خەمڵاندبویان کە ڕۆژانە نزیکەی 19 ملیۆن بەرمیل نەوت بە گەروی هورمزدا تێدەپەڕین.

ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی