شارپرێس:
سەرچاوەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی ئاشکرایانکردوە، سوپای پاسدارانی ئێران، دوای کوژرانی عەلی خامنەیی ڕابەری پێشوی ئهو وڵاته لە28ی شوباتی 2026، دەستی بەپێداچونەوەیەکی ئەمنیی فراوان بەتۆڕی کامێرا چاودێرییەکانی تاران کردوهتەوە؛ چونکە دەرکەوتوە کە تۆڕەکەی دەوڵەت بۆ چاودێریکردنی شەقامەکان بەکاریدەهێنا، بوهتە سەرچاوەی زانیاریی بۆ هەواڵگریی ئیسرائیل.
بهگوێرهى راپۆرتێکی پێگەی "ئیرمە نیوز" کە پشتی بەزانیارییەکانی سەرچاوەی تایبەت بەستوە ئاشکرایانکردوە، پێداچونەوەکە وەستاندنی بەشێک لەتۆڕە هەستیارەکانی چاودێریی، پشکنینی گرێبەستەکانی کۆمپانیا بەڕێوەبەرەکانو هەڵسەنگاندنەوەی دەسەڵاتی دامەزراوە مەدەنییە بەرپرسیارەکان دەگرێتەوە.
هەروەک ئاراستەیەک بۆ زیادکردنی چاودێریی ئەمنیی ڕاستەوخۆ بەسەر کامێراکانی دەوروبەری دامەزراوە حکومییو سەربازییەکاندا هەیە.
ئەوەش هاتوە، ڕەگی کێشەکە دەگەڕێتەوە بۆ دەستێوەردانێکی ئەمنیی ئیسرائیلی کە چەندین ساڵ بەردەوام بوە.
ڕۆژنامەی فاینەنشیاڵ تایمز لەئاداری 2026دا لەڕاپۆرتێکدا ئاشکرایکرد، هەواڵگریی ئیسرائیل توانیویەتی دەستی بەکامێراکانی هاتوچۆی تاران بگاتو وێنەکانیان بۆ سێرڤەرەکانی ناو ئیسرائیل بگوازێتەوە.
بهگوێرهى ڕاپۆرتەکە، مۆسادو یەکەی 8200ی هەواڵگریی سەربازیی ئیسرائیل، داتاکانی کامێراکانیان لەگەڵ ئامرازە پێشکەوتوەکانی شیکاری بەکارهێناوە بۆ دروستکردنی زانیاریی ورد دەربارەی پاسەوانو شۆفێرەکانی خامنەیی، لەوانە ناونیشانی نیشتەجێبون، کاتی کارو ڕێڕەوی هاتوچۆیان، کامێرایەک لەنزیک شەقامی پاستۆر، چاودێریی شوێنی وەستانی ئۆتۆمبێلەکانی پاسەوانەکانی کردوە.
بەگوێرەی ئەسۆشیەیتد پرێس، ئیسرائیل لەپلاندانانی هێرشەکەدا سودی لەو دەستێوەردانە وەرگرتوە، هەرچەندە پێشتر هۆشداریی لەبارەی مەترسییەکانی تێکچونی سیستەمەکان درابوو.
سەرچاوەکان دەڵێن، پێداچونەوەکە کۆمپانیاکانی دابینکردن، دامەزراندنو چاککردنەوەی کامێراکان، هەروەک بەرنامەو تۆڕەکانی پەیوەندیی دەگرێتەوە.
پێشنیازەکانیش جیاکردنەوەی تۆڕە هەستیارەکان لەئینتەرنێتی گشتیی، سنوردارکردنی دەستگەیشتنی دەرەکییو پێویستکردنی ڕەزامەندیی ئەمنیی بۆ نوێکردنەوەی بەرنامەکان لەخۆدەگرن.
بهگوێرهى هەمان سەرچاوە، بازنەکانی پاراستنی خامنەییو بەرپرسانی تەکنیکییو تۆڕەکانی پەیوەندیی توشی لێکۆڵینەوەو دەستبەسەرکردنی فراوان بون، بەتۆمەتی هاوکاریی لەگەڵ هەواڵگریی بیانی.
سەرهرەڕای ئەو گومانانە، بەڵام ڕاپۆرتەکان جەختدەکەنەوە، هێرشەکە تەنها ئەنجامی دەستێوەردانی سایبەری نەبوە؛ بەڵکو زانیاریی هەواڵگریی مرۆیی ئەمریکی، لەوانە زانیارییەک لەلایەن سیخوڕێکی سی ئای ئەیەوە، ڕۆڵی هەبوە لەپشتڕاستکردنەوەی بونی خامنەیی لەکۆمەڵگەی ئامانجکراودا.
بەمەش، هەوڵەکانی ئێران بۆ ڕێکخستنەوەی تۆڕی چاودێریی تەنها پەیوەندییان بەپاراستنی کامێراکانەوە نییە، بەڵکو پرسیاری گەورەتر لەبارەی توانای دامەزراوە ئەمنییەکان بۆ پاراستنی زانیارییەکانی ناو دەوڵەت دروستدەکەن.
