ڕاهێنانێکی سادە بۆ دابەزاندنی پەستانی خوێن.. چیتر پێویستییان بەبەپێ‌ ڕۆیشتن و ڕاکردن نابێت

تەندروستی

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 48 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
توێژینەوەیەکی زانستیی کە لەبەریتانیا ئەنجامدراوە، ئاماژەی بەوە کردوە کە ئەنجامدانی ڕاهێنانەکانی جێگیری ماسولکەکان، وەک پاڵپێوەنانی دیوار و مانەوە لەو دۆخەدا بۆ ماوەیەکی دیاریکراو، دەتوانێت یارمەتیی کەمکردنەوەی پەستانی خوێن بدات.

مەبەست لەم ڕاهێنانانە، مانەوە لە دۆخێکی جێگیر و گرژکردنی ماسولکەکانی جەستەیە بۆ ماوەیەکی دیاریکراو، نەک جووڵەی دووبارەکراوە بۆ بەهێزکردنی ماسولکەکان.

توێژینەوەکە لەلایەن توێژەرانی چەند زانکۆیەکی بەریتانیا، لەوانە کەنتەربەری کرایست چەرچ، سانت مەری، کیل و کۆلێژی زانکۆی لەندەن، ئەنجامدراوە و 100 کەسی گەورە ساڵی گرتۆتەوە کە ناوەندی تەمەنیان 37 ساڵ بووە و کێشەی پەستانی خوێنیان نەبووە.

توێژەران لە چوارچێوەی ئەم توێژینەوەیەدا، کە لە گۆڤارێکی زانستیی پسپۆڕی پزیشکیی وەرزشی بڵاوکراوەتەوە، داوایان لە 80 بەشداربوو کردووە ڕاهێنانی پاڵپێوەنانی دیوار هەفتانە 3 جار ئەنجام بدەن.

دوای 4 هەفتە، پەستانی سیستۆلیی خوێن، واتە بەرزترین ئاستی پەستانی خوێن، لای بەشداربووان بە 9.5 پلە دابەزیوە، بە بەراورد بەو گرووپەی کە ڕاهێنانەکانی جێگیری ماسولکەکانیان ئەنجام نەداوە.

توێژینەوەکە هەروەک ئاشکرای کردووە کە ئەگەر ئەم ڕاهێنانانە تەنیا هەفتانە جارێک ئەنجام بدرێن، پەستانی سیستۆلیی خوێن بە 6.6 پلە کەم دەبێتەوە، بە بەراورد بە پێوانەکانی پێش دەستپێکردنی تاقیکردنەوەکە.

بەپێی ماڵپەڕی تەندرووستی "HealthDay"، توێژەران وتوویانە تەنانەت ئەنجامدانی کەمترین ڕادەی ئەم ڕاهێنانانەش دەتوانێت سوودی بەرچاو بۆ تەندرووستی مرۆڤ هەبێت و بۆ ئەو کەسانەی کاتیان بۆ وەرزشکردن سنووردارە، هەڵبژاردەیەکی گونجاو بێت.

توێژەران ڕوونیان کردۆتەوە کە ئەم ڕاهێنانانە دەتوانن یارمەتیی شلکردنەوەی ڕەگە خوێنبەرەکان بدەن و وای لێ بکەن خوێن بە ئاسانیی زیاتر تێیاندا بڕوات. لەگەڵ ئەوەشدا، تیمی توێژینەوەکە پێی وایە پێویستە توێژینەوەی زیاتر ئەنجام بدرێت بۆ دڵنیابوون لە دروستیی ئەنجامەکان.